جل و بەرگ گرنگترین كەرەستەی خۆڕازاندنەوەن بۆ ئافرەتان. كاتێك تۆی خانم بیر لەوە دەكەیتەوە بچێتە ئاهەنگێكی تایبەت، دیارە بیر لەوە دەكەیتەوە تۆ خانمێكی جوان و رازاوە و جێی سەرنج بیت. بۆ بەدەست هێنانی ئەو جوانییە لە نێو ئاهەنگەكەدا، باشترین كەرەستە جل و بەرگی جوانە. كاتێك خزمێكت یان دەستە خوشكێكت یان برادەرێكت نیشان دەكرێت، لە ماڵە باوكی كچە ئاهەنگێكی بچكۆلانە ساز دەكەن، كە ئەو كچەی رۆژی نیشان كردنیەتی دەستەیەك لە برادەر و دەستە خوشكانی خۆشەویستی خۆی، بانگ دەكات بۆ ئەوەی لە ئاهەنگی نیشان كردنەكەیدا ئامادە بن. ئەوانیش هەوڵ دەدەن خۆشییەك بە سایەی ئەو بۆنەیەوە بنوێنن، دیارە جل و بەرگ یەكێكە لەو شتانەی كە كچان خۆشی و جوانیی خۆیانی پی دەنوێنن. بۆیە خاتوونی بەڕێز ئەوەت لە بیر نەچێت، كاتێك بە نیازی بچی بۆ ئاهەنگی نیشان و دەسگیرانی، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك ئاهەنگێكی پڕ لە خۆشی و جوانی بەڕێ بكەن. كراسی نیشانی بە زۆر شێواز هەن، ئەو مۆدانەی زیاتر لە ماڵ و كاتی نیشاندا دەپۆشرێن، لای سەرەوەیان كراوەیە و بوار دەدەن خانمان لەو بۆنە تایبەتەدا جوانیی گەردن و شانی خۆیان بنوێنن. واتە ئەو جلانەی بەشی سەرەوەیان كراوەیە، كە سەر شان و بەشێكی ملیش دەردەخات. ئەم جۆرە كراسە، بە تەواوی سەرنجی دەوروبەر رادەكێشێ، خەڵكانی دوور و نزیك تەماشای دەكەن، ئەوان لە ئاست جوانیی ئەو خانمە سەرسام دەبن، بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن، چونكە ستایلی كراسەكەی سەرنجڕاكێش و جوانە.