لەگەڵ هاتنەوەی سەرمای زستاندا، پلەكانی سەرما نزم دەبنەوە، بەمەش سەرما و سۆڵێكی كاریگەر باڵ بەسەر كەشی كوردستاندا دەكێشێت. ئەمەش زیاتر لە ناوچەی شاخاوی و گوندنشیندا دەبێ. بۆ ئیدارە كردن لەگەڵ ئەو سەرمایەی زستان، لە خانووی گوندەكاندا، سۆپای دار هەیە، كە بە دار كار دەكات و گەرمایەكی زۆر دەدات، دیمەنێكی جوانیشی هەیە، سەرچاوەی ئاگری سۆپای دار، هەڵبەت بە ناوەكەیڕا دیارە كە هەر دارە. گوندنشینان پاییزان خەمی دار كۆ كردنەوە دەگرنە ئەستۆ. ئەو پرۆسەیەش پێی دەگوترێ دار بڕین و دار كۆكردنەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا، گەڵای داران دەوەرێن و داریش وشك دەبن، بۆیە لەم وەرزەدا پیاوان و ئافرەتانی گوند، دەست بە كۆكردنەوەی دار دەكەن. ئەمەش بە هێنانی دار لە شاخەوە یان لەو شوێنانی دوورەوە بۆ ناو گوند و كەڵەكە كردنی. دوای ئەوەی ئەو دارەی دەبڕدرێتەوە، پارچە پارچە دەكرێ، ئنجا بۆ ماڵ و ناو گوندی دەیگوازنەوە، بەڵام هەنگاوی یەكەم ئاسانترە و كە لە شوێنی داربڕنەوەكە دارەكە پارچە پارچە دەكرێ، دواتر دەكرێ بە بارێك و لە سەر یەك دادەندرێ، ئەوەش پێی دەگوترێ (بارەدار). دواتریش ئەو بارە دارە بە پشت یان بە پشتی وڵاخ دەهێندرێتەوە و لە ماڵ دادەندرێ و لە زستاندا بەكار دەهێندرێت.