نینۆك هەمیشە بە لای خانمانەوە گرنگە. بۆیە زۆربەی ئافرەتان جوان كردنی نینۆك بە هەند وەردەگرن. لە دنیای ئارایشت و جوانكاریشدا هەمەجۆر بۆیە هەیە بۆ جوان كردنی نینۆك. ئێستا كە زستانە، خانمان زیاتر بایەخ بە نینۆكی پەنجەكانی دەست دەدەن، چونكە لەبەر سەرما گۆرەوی لە پێ دەكەن و نینۆكی پێیان بە دەرەوە نییە. بۆیە نینۆكی پەنجەكانی دەست زیاتر بایەخیان پێ دەدرێت. جاران خانمان ژمارەیەكی كەمی بۆیەی نینۆكیان لە بەردەمدا بوو. ئێستا كارگەكانی بەرهەم هێنانی ئارایشت زۆر گەشەیان كردووە، بە هەزاران جۆرە ئارایشت و پێداویستی جوانیی خانمان دەخەنە بازاڕەوە. هێندەی پەیوەندیی بە بۆیەی نینۆكەوە هەبێت، ئەوا ئەمڕۆ خانمان بژاردەیەكی زۆریان لە بەردەمدایە بۆ سوود وەرگرتن لە بۆیەی نینۆك. دوو چەشنی زۆر دیاری بۆیە كردنی نینۆكیش هەیە، یەكەمیان بەكار هێنانی بۆیەی سادەیە. دووەمیشان بۆیەی نەخشینە. هەڵبەت خانمان ستایلی بۆیە كردنی نینۆكیان زۆر بەرەو پێش بردووە، بۆ نموونە دەكرێ هەر تاكە نینۆكێك رەنگێكی جیاوازی بۆ هەڵبژێرن. واتە هەر نینۆكەی دەست بە رەنگێكی جیا بۆیە بكرێت، یان رەنگی بەرامبەر بۆ جووتە پەنجەی بەرانبەر یەكی هەردوو دەست هەڵبژێرن. جگە لەوەی ئەمڕۆ بۆیەی نەخشین سیحر و جوانییەكی بێ ئەندازە بە نینۆكی خانمان دەبەخشێت. ئەوەی گرنگە كە نینۆك لە لای خانمان دەرفەت و بوارێكە بۆ نیشان دانی جوانی، كە بە قازانجی كەسایەتیی ئەوان دەشكێتەوە. سپی و سەوز و سوور و شین و زەرد، ئەمانە كۆمەڵە رەنگێكن دەكرێ نینۆكی پەنجەی خانمان جوان و رەونەقدارتر بكەن. بۆیەی نەخشینیش ستایلێكی دیكەیە لە جوانی كە لە نینۆكی خانماندا خۆی دەنوێنێ.