وەرزی سەرما و سۆڵ، هەمیشە بە خۆشی و بەخێر و بەفرو بارانەوە روومان تێدەكات و رێگەمان بەرەو سەرما دەگرێتەبەر و جۆشی و خۆشی وەرزی زستان لە سەرما و باران و دەنگی گەورە و هەورە تریشقە و تیشكی برووسكە، سەرەڕای ئەوەی تەزرە و بەفر و كڕێوە روومان تێدەكات، هەندێك جاریش بەفر شار و گوند و دەشت و چیاكانی كوردستان سپی و بەفرینی دەكات، لە ژیانی كوردەواری پێشوودا و بە تایبەت لە لادێ و گوند نشینەكاندا، خانووەكان زیاتر لە قوڕ دروست دەكرێن و سەرەوەی خانووەكانیش لە قوڕ و نایلۆن دادەپۆشرێ، ئەمەش هۆكارێك دەبێ تاوەكو ئاوی باران دزە بكات و بچێتە ناو سەرەوەی خانووەكان، لە كاتێكدا ئەگەر سەربانی خانووەكان دەرەز و كونی تێدا بێ، بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش باوك و باپیرانمان، بیرۆكەی جوانیان دۆزیتەوە و ئەویش بە پەستانەوەی ئەو سەربانانە تاوەكو دەرەز و كونەكان بگیرێ و ئاوی تێدا دزە نەكات، پەستانەوەی سەربانەكان بە كەرەسەتەیەك دەبێ كە پێ دەگوترێ (باگردان).
باگردان بریتییە لە رۆڵێكی بازنەیی و لوولەیی خڕ، كێشێكی زۆری هەیە و زیاتریش لە چیمەنتۆ دروست دەكرێ، یان بەشێكی تازەكانی لە ئاسن و پۆڵا دروست كراوە، باگردان بە داوێكی ئاسن یان كندڕەوە دەبەسترێتەوە و ئەو كەسەی كاری پەستانەوە دەكات، باگردانەكە لە دوای خۆی رادەكێشێ و بەم شێوەیە تاوەكو سەرتاپای سەربانەكە دەپەستێتەوە و قلێش و دەرەزەكانی ناهێڵێت.