لە پێشوودا چەندین بیرۆكەی جوان، كاری جوان ئەنجام دەدرا، بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە بیرۆكە جوانیەكانیان بۆ ژیانی رۆژانەدا، تەنانەت هەندێك لە كارەكانی باو و باپیرانمان، ئەوەندە سادە بوون، كەچی زۆر بە سوود بوون و تاوەكو ئەمڕۆش كاریان پێدەكەن و سوودی لێ وەردەگرن، یەكێك لەو بیرۆكە جوانانە سۆبەی دار بووە، سەردەمێكە لەناو كوردا و لە ناوچە شاخاوی و گوندنیشینەكاندا ئەو ئامێرە بەسوودە هەیە، هەر لە وەرزی هاویندا پیاوان و ئافرەتانی كورد سەر لە دار و رەزەكانی سەر شاخەكان دەدەن بۆ بڕین وكۆكردنەوەی دار، دواتریش ئامادەی دەكەن لە پارچەی بچووك هەڵیدەگرن تاوەكو سۆبای دار دەكەوێتەوە گەڕ، لەگەڵ هاتنی سەرمای وەرزی زستان، سۆبای دار دادەنرێتەوە و لوولەكەی لە سەرەوەی ئەو شوێنەی لێ دادەنرێ دەچێتە دەرەوە، سۆبای دار لە شێوەی ستوونێكی بچووك وایە، یان بەرمیلێكی بچووك، لە خوارەوە شوێنی خستنە ناوەوەی داری هەیە، وەك دەرگایەكی بچووك وایە، لەسەرەوەش لوولەیەكی هەیە كاری ئەو لوولەیە دووكەڵی ئاگرەكە هێواش هێواش بەرەو سەربان دەبات، هەر رۆژە و كۆلكە دارێكی یان دووانی دەخرێتە ناوی و بەوەندە تا درەنگانی شەو كار دەكات، وێڕای ئەوەی گەرمی و خۆشییەكی هێمن بە ژوورەكە دەدات و گەرمی دەكاتەوە، بەشی سەرەوەشی جێگەی كتلی چای یان بۆ گەرم راگرتن وئامادەكردنی چێشت دەبێ و خانمانیش كاری خۆیان پێدەكەن.