بووكە بــــــــە بارانێ

بووكە بــــــــە بارانێ
بووكە بە بارانێ چییە و بۆچی كراوە؟ لە چ كاتێك زیاتر ئەو كارە دەكرێت، بووكە بە بارانێ دیاردەیەكی كۆن و لە مێژینەی كوردەوارییە و لە دێر زەمانەوە ئەنجام دراوە، بووكە بە بارانێ وەك باوەڕێك بۆ باران بارین كراوە، لە وەرزی پاییز و سەرەتای زستان كە كاتی باران بارین بووەو باران نەباریوە و پێویستیان بە باران هەبوو بۆ دەغڵ و دان ئەو كارەیان كردووە، كۆمەڵێك گەنج كۆدەبنەوە یەكێك لەوانە كارە سەرەكییەكە دەكات كە بووكەكە هەڵدەگرێت و جلی تایبەت لەبەر دەكات لەبەر ئەوەی زۆرترین ئاو بەرئەو دەكەوێت، بووكێكی گەورە ئامادە دەكەن لە داربێت یان پلاستیك یان قوماش و یان زۆر جار دارێك لە شێوەی سەلیب دەهێنن و جلێكی كوردی ژنانەی لەبەر دەكەن و بە دارێكەوە كەسێك بەرزی دەكاتەوە و لە كۆڵانەكان دەسووڕێنەوەو دەڵێت «هەیاران و مەیاران خوایە بیكاتە باران بۆ فەقیر و هەژاران» ئەو قسەیە دووبارە دەكەنەوە خەڵكەكەش لە سەر بان یان لە بەردەرگا بە هەر شتێك بێت ئاو دەكەن بەسەر بووكەكە یان كەسەكە یان خێر دەكەن بەو كەسانەو زۆر جاریش خواردن و كەلوپەل دەبەخشنەوە بە ئامانج و دروشمی ئەوەی ببێتە مایەی رەزامەندیی خودای گەورە باران ببارێت، بووكە بە بارانێ زیاتر لە دوای عەسر دەست پێدەكات زۆر جار هەتا ئێوارە بە بەردەوامی دروشمی هەیاران و مەیاران خوایە بیكاتە باران بۆ فەقیر و هەژاران دەڵێنەوە خەڵكی گەڕەك و كۆڵانیش لەگەڵ ئەوان دەڵێنەوە دوعا دەكەن باران ببارێت.
Top