دانوو
November 18, 2013
رەنگا و ڕەنگ
لە دوای كوڵاندنی گەنم لە وەرزی كوڵاندن و تەواو كوڵانی ئەوەی بە دەست دێت پێی دەڵێن دانوو،دانوو ناوێكە هەر لەگەڵ ناوهێنانی گەنم كوڵاندن بە خەیاڵماندادێت، گەنمی كوڵاو هەتا وشك بوونەوەی پێی دەوترێت دانوو لە پاشاندا دەبێت بە كەرەسەكانی تری وەك ساوار و بروێش و گەنمەكوتا و چەندین پێكهاتی دیكە، راستە بەشێكی زۆری دانوو بۆ وشك كرنەوەی و بەكارهێنانی بۆ دورست كردنی دانەوێڵەی تر بەكاردێت بەڵام بەشێكی بەر لە وشك كردنەوە دەخورێت و كەسانێك ئارەزوویان لە دانووی گەرمەو حەز بە تام و لەزەتی دەكەن بەشێوەیەك لە هەر شوێنێك ئەگەر دانوو هەبێت ئەوە دەچن لەو شوێنە قاپێك یان مەنجەڵێكی بچووك دانوو دێنن ئەوەی جیا لەوەی هەر لەكاتی كوڵاندا چەندین منداڵی ئەو گەڕەكە لەدەوری كۆدەبنەوەو لە كاتی تەواو كوڵانیدا هەر یەكەیان بەشی خۆی وەردەگرێت، ئەوەی شایانی باسە لەوەرزی پاییزدا لە كۆندا خەڵكی بە شێوەیەكی گشتی گەنمیان دەكوڵاند، بەشێوەیەك پاش شوشتنەوەی گەنمەكە لە مەنجەڵی گەورە گەورە دەكرا پاشان بە دار دەكوڵێنرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو دیاردەو كوڵانە لە شارەكان كەم بۆتەوە تەنها لە گوندەكان دەبینرێ، لە لای ئەوان هەر بە تام و بۆی جارانەو ساوار و دانەوێڵەی هاوردە بەكار ناهێنن و بە خۆیان ئامادەی دەكەن و دەیبەنە ئاش بۆ لێكردنی دانووە وشك بووەكە.
