وەرزی پاییز نێوان وەرزی هاوین و زستانە، لە نێوان ئەو دوو وەرزدا چەندین گۆڕانكاریی تەواو بەسەر شێواز و رەنگ و جوانی لە مۆدە و جلوبەرگ روودەدەن، هەر بۆیە ئەو گۆڕانكارییانە دەكەونە سەر شانی مۆدەكانی وەرزی پاییز، جلی كوردیش وەك یەكێك لە مۆدە باو و دیارەكان، كە لە چەند ساڵێكی داهاتووشدا دەبێتە مۆدەیەكی جیهانی، ئەمەش بەپێی قسەی دیزاینەرێكی كورد، بەتایبەت جلی كوردی بۆ وەرزەكانی بەهار و پاییز، شێوازێكی سەرنجڕاكێش و جوان لە خۆ دەگرێ، بەهۆی ئەوەی ئەو وەرزە كەشێكی نیمچە گەرمی هەیە و فێنكە، بۆیە جلی كوردی لە قوماشی تەنك ئامادە دەكرێ، تاوەكو ئەو كەسەی لەبەری دەكات بە لەبەر كردنی كراسە كوردییەكە ئاسوودە بێت، سەبارەت بە رەنگیش كە ئەویش فاكتەرێكی گرنگە بۆ جلی كوردی، لە وەرزی پاییزدا زیاتر رەنگە تۆخ و كراوەكان لەبەر دەكرێن وەك : شینی كاڵ و تۆخ – قاوەیی- ئاسمانی ئەوەی لە نیلی و شینی كاڵ نزیكە، لەگەڵ ئەو رەنگەی لەگەڵ ستایلی قژی ئەو خانمە دەگونجێ، دەكرێ بپۆشرێ و ببێتە مۆدەیەكی شیاو و رازاوە.