دەست رەنگینی لە كورەدەواری چەندین شێوەی هەبووە و تا ئەمڕۆش كاری لەم جۆرە بەردەوامە بۆ دروست كردنی بەرهەم و كەرستە و جلوبەرگ و شتی كەلەپوور و كوردەواری، یەكێك لەو كارە دەست رەنگینیانە بۆ دروست كردنی ئەو جلەیە كە لەسەر جلوبەرگی كوردی لەبەر دەكرێ یان لەگەڵ جلی دیكەدا دەپۆشرێ، ئەویش پێیدەڵێن: (كوڵەباڵ و فەڕەنجی ) كە تەنیا لە خووریی بەرخ و یان لە پێستی گیانداران دروست دەكرێ، جلێكە كە خۆر كاری تێناكات و سەرما لێینادات و بە هاوینان فێنكە و بە زستانانیش گەرمە و بە دەست دروست دەكرێ و ئەوانەی كوڵەباڵ لەبەر دەكەن، زۆربەیان شوان و سەپان و جووتیارن و بە هاوینانیش لەبەر گەرمایی هاوین و لە زستانانیش لەبەر سەرما لەبەر دەكرا و كە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر نابێ، سەرەتا خووری بەرخ دەبێتە بەرگن و دواتریش دەپشكندرێ و هەلاج دەكرێ و ئامادە دەبێ بۆ ئەوەی بكرێتە كوڵەباڵ یان فەڕەنجی، ئەمەش دوای ئەوەی بە چەند كارێكی بەستن و لوول دانی ئەو بەرگنەی بەرخ، تاوەكو جوان لەیەكترگیر دەبێ و دەچێتە ناو یەكتر و وەك ئەوەی كەپس كرابێ، دواتریش كاری جوانكاریی سەر شانەكان ئەنجام دەدرێت و قۆڵەكانی دەبڕن ئینجا كاری دوورینی بۆ دەكرێ و ئامادە دەبێ بۆ لەبەر كردن.