هەرچەندە مۆدەی جلوبەرگ لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە، بەڵام گرنگیی خۆیان لە دەست نادەن و هەر یەكەیان بە شێوازێكی تازە رێگەی خۆی دەگرێ و شێوازێكی تازە دەبەخشن لە مۆدەكاندا، جلوبەرگی خانمان لە ژمارەدا زۆرن و هەر یەكەش بۆ شوێن و كاتی خۆی دەپۆشرێ و تایبەتمەندی هەیە. دوو جۆری سەرەكی لە جلوبەرگی خانمان هەیە، جلوبەرگی سەرەوە كە لە قەمیس و تیشێرت و كراس و بۆدی پێكدێ، لەگەڵ جلوبەرگی خوارەوەش ئەوانیش : پانتۆڵ و تەنوورە و جینز و سترێجن، ئەوانەش بۆ هەر كات و مەبەستێكی خۆی دەپۆشرێن، بەڵام ئەوەی زیاتر لەلایەن خانمان باوی هەیە، بە تایبەت كچۆڵان، كاوبۆی جینز شێوازێكی گرنگە لە جوانی مۆدەكانی جلوبەرگ بۆ خانمان، ئەو جلە لە شوێنە گشتییەكان و بۆ دەرەوە دەپۆشرێ، ئەوەی گرنگە شێوازی جینزە، كە چەندین شێوەی جیاجیای هەیە، لەوانە+: شارستۆن ئەوەیان مۆدەیەكی كلاسیكە و باوی نەماوە و شێوازی دیكەشی بە لوولە ناسراوە، تەسك و باریكە و لەگەڵ جەستە رێكدەكەوێ و جەستە دەگرێ، هەروەها لەسەرەوە تاوەكو خوارەوە بە هەمان پێوانە دەبێ و شێوازێكی ناسك دەگرێتە خۆ، دیمەنێكی رازاوەشی دەبێ لەسەر جەستەی خانمان.