ئەو كارە دەستیانەی لە داو و بەن دروست دەكرێن هەمەجۆرو هەمەڕەنگن، ئافرەتی كورد لە بواری چنین و دروست كردنی پێداوییستەكانی ئەو سەردەمەدا دەست ڕەنگینیی خۆی سەلماندووەو چەندین كەل و پەل و پێداویستی دروست كردووە بە دەستی خۆی و هەر بە تەنها لە خوری و داو وەك كلێـتەو كڵاو و گۆرەوی و لیفكەو تەنانەت هەندێك جل و بەرگیش، ئەو پێداویستیانەی بەكاردێـت بۆدروست كردنی كڵاوی خوری یان گۆرەوی بریتییە لە شیشكە و سنارە و ئەو داووبەنەی كە لە خورییەوە دروست دەكرێت پاش ئەوەی لە تەشی دەدرێـت شیشكەش لە چڵەدارێكی بەهێز دروست دەكرێـن نزیكی 25 سانتیمەترە دەبێت و هەردوو سەرەكەی تیژ دەكرێت، گۆرەویی دروست كردن یەكێكە لەو بەرهەمانەو بۆ هەردوو وەرزی هاوین و زستان، هەر گۆرەویەك بە نزیكەیی رۆژێكی دەوێـت بۆ دروست كردنی بە پێی جۆر و شێوازەكەی لەبەر ئەوەی چەندین شێوەو شێوازی هەیە بەشێوەیەك هەندێك جار زۆر كورت دروست دەكرێت یان ناوەندیەو یان زۆر درێژە،بە تایبەت بۆ وەرزی ساردو سەرما زیاتر گۆرەوییە درێژەیە كە پێویستە و زۆرتر دروست دەكرێـت بەرەنگی جیاواز كە رەنگی ئەو داوەیە كە گۆرەوییەكەی لێ دروست دەكرێت، گۆرەوی دروست كردنی زستانی لەگەڵ هاوینی جیاوازە لەوەی گۆرەویی هاوینە ئەو داوەی لێی بە كاردێت باریكتر و تەنكترە و ماوەی نێوان ئەو ریزانەی بە شیشكەو سنارە دەكرێت زۆرترە و هەندێك جار كونی تێدا دەكرێت، ئەوەی زستانەش ئەستوورتر و چڕوپڕترە، ئەوەی شایەنی باسە هەندێك جار بۆ جوانكردنی گوڵینگەی پێوە دەكەن یان دەیكەنە شێوەی قەیتان و دەیبەستنەوە.