جگەرەی كیسە تووتنی جاران

جگەرەی كیسە تووتنی جاران
پێشتر باپیرانمان هەردەم كیسەیەكی بچووك بە نێكیانەوە بوو، كیسەیەكی بۆن خۆش و پڕ لە شت و مەكی بچووك، رەنگی قاوەیی بوو، رۆژێكیان بەڕێكەوت لە ماڵی باپیرم بووم و كیسەكەی دانابوو، سەیرێكم كرد و بینیم پڕی تووتن بوو لەگەڵ دەفتەرێكی بچووك، ئەو كیسەیە بریتییە لە كارگەیەكی بچووكی جگەرە دروست كردن، كە تیایدا ئەو كەرەستانەی تێدابوو، تووتن – دەفتەر جگەرە – فلتەر، ئەوەی یەكەم بریتییە لە گیایەك كە پێدەگوترێ تووتن و سەرچاوەی دروست كردنی جگەرەیە، ماددەیەكی بۆن تیژە و ئەگەر تامیش بكرێ دەمت تیژ و سوێر دەبێ، بەر لە پەیدابوونی ئەو ژمارە زۆرەی پاكێت و جگەرە، باو و باپیرانمان، ئەو لایەنەیان بەرجەستە كردبوو، كە بڕە تووتنێك لەناو كیسەیەك دادەنرا، لەگەڵ دەفتەرێكی بچووك لە كاغەزی تەنك و باریك بۆ ئامادە كردنی جگەرەی دەستكرد، ئەو كەسەی دەیەویست جگەرە بكێشێ، سەرەتا هەندێك تووتنەكەی دەردەهێنا و بە دەست وردی دەكرد، دواتریش پەڕێكی دەفتەرەكەی دەهێنا و هەندێك تووتنی تێدەكرد و پاشان بە دەم تەڕی دەكرد تاوەكو شێوەی وەك لوولەیەك دەبوو، پاشان دفتەرە بچووكەكە بەیەكەوە دەنووسا ئەمەش بە تەڕی لایەكی پەڕەكە و پاشان لوول دەكرا وەك شێوەی جگەرە،هەروەها ئامێرێكی بچووك هەبوو كە جگەرەكەی دەپێچایەوە، یان بە دەست سەرێكی ئەو لوولەیە دەنووشتایەوە تاكو ببێتە كۆتایی لوولەكە، لایەكەی دیكەش بە كراوەیی دەمایەوە، تاوەكو لایە نووشتاوەكە بخرێتە ناو دەم و یان لە فلتەر دەخرا و لایەكەی دیكە وەك جگەرەی ئاسایی گڕی تێبەردەدرا یان دارێكی كورت یان درێژ هەبوو پێیدەگوترا (دار جگەرە) كە جگەرەكەی پێدەكێشرا، هەروەها قەننەش هەبوو كە تووتنی دەخرایە ناوی و ئاگری تێبەردەدرا، بەمەش ماندووبوونێكی دەویست تاوەكو جگەرەیەك ئامادە دەبوو بۆ كێشان.
Top