ئێكسسوارە كۆنەكانی كوردی، تاوەكو ئەمڕۆش مانایەكی پڕ بەهایان هەیە، لە جوانی شێوە و روواڵەت و گونجاندنی لەگەڵ جلی كوردیدا، بەمەش جوانترین و ناسكترین مۆدە دروست دەكەن، بە تایبەت ئەوانەی گەورەن و لەسەر سینگ و شانەكاندا دێنە خوارەوە، یەكێك لە جوانترین و نایابترین ئەو ئێكسسوارانە، پێیدەگوترێ (ئاشقبەند)، شێوەیەكی گەورە و كراوەی هەیە، سەرتاپای سینگ دادەپۆشێ و بە نەخش و شێوە و مۆری و لیرە رازاوەكانی، وەك ئێكسسوارێكی پڕ لە جوانی مانای خۆی دەدات، جگە لەوەی لە زێڕ و زیو دروست دەكرێ و لە هەردوو مۆدە تایبەتمەندی خۆی دەنوێنێ، هەروەها شێوازێكی ناسكە كاتێك لەگەڵ جلی كوردیدا دەپۆشرێ، ئاشقبەند، دیمەنێكی رازاوەی هەیە لە سێ بەش پێكدێ، یەكەمیان نەخشەكەیەتی، كە دەكەوێتە سەر سینگ، ئەوەی دیكەش دوو بەستنە لەلای شانەكان دەخرێ و تاكو توند بێ، لە ناوەڕاستیشدا بە هەمان شێوە دەبەسترێتەوە لەسەر كراسی كوردی، نەخشەكانی وەكو نەخشی لار بوو دەكەوێتە خوارەوە و لەسەرەوە بەرەو خوارەوە دەبێ، لەگەڵ رەنگی ئاشقبەند كە لەسەر نەخش و لیرەكاندا بەدەردەكەوێت.