پەڕەسێلكە یەكێكە لە باڵندە جوان و خنجیلانەكان، جگە لەوەی دیمەن و شێوەیەكی بچووك و جوانی هەیە، هەروەها دەنگێكی خۆش و زووڵالیشی هەیە، كاتێك دەجریوێنێ، هەر كەسێك گوێ بیستی دەنگی بێ، سەیرێكی دەكات، پەڕەسێلكە بەوە ناسراوە كە باڵندەیەكی ژیر و جوانە، جگە لەوەش خێرایە لە فڕین، یەكێك لە كارە ژیرەكانی ئەو باڵندەیە، دروست كردنی هێلانەیە بۆ بێچووەكانی، پەڕەسێلكە زیاتر لە هاوین و بەهاردا دەردەكەون، لە وەرزەكانی دیكە كۆچ دەكەن بۆ شوێنی گەرم و دارستان، كەچی لە وەرزی هاویندا بەهۆی گەرماوە روو لە شار و شوێنی قەرەباڵغ دەكەن، وەك لە چەندین لە ماڵەكانمان هێلانەی پەڕەسێلكە دەبینین، كە بە شێوەیەكی جوان و ئەندازەییەكی زۆر زیرەكانە دروستی دەكات، هێلانەی پەڕەسێلكە زیاتر لە قوڕ و پووش دروست دەبێ كە لەسەرەتادا بە دەنووكی قوڕ دەهێنێ و لە شوێنێكی بەرزی دادەنێ و دواتریش بە پووش و پەراش هێلانەكەی توند و تۆڵ دەكات، ئەوەی سەیرە بە شێوەیەكی ئەوەندە زیرەكانە لانەكەی دروست دەكات، وەك ئەوەی زانستی ئەندازیاری خوێندبێ، وەك لە وێنەكەدا دەبینن چۆن هێلانەی لە شێوەی نیو بازنەیی دروست دەكات، پەڕەسێلكە نزیكەی (2) ساڵ دەژی و هەر ساڵی جارێك هێلكە دەكات و نزیكەی (3 تا 5) هێلكە دەكات و هەڵێ دەهێنێ.