قەزوان.. ناوكێكی بەتام
May 11, 2013
رەنگا و ڕەنگ
وشەی قەزوان یان دار قەزوان هاوتایە لەگەڵ وشەی قەتەناز،داربنیشت،دارچاچكە، داروەن،دارەبەن،چونكە جگە لە قەزوان ئەو ناوانەشی هەیە، داری قەزوان جگە لەوەی بەرێكی هەیە بە ناوی قەزوان بۆ زۆر مەبەست بەكاردێت لە قەدەكەشی بنیشتی كوردی لێ وەدەست دێت.
داری قەزوان دارێكی خۆڕسكی سروشتی كوردستانە و تاكو (15) مەتر بەرز دەبێت و ئەستووریشی لە نیو مەتر زیاتر پان دەبێت كە قەدەكەی پڕە لە گرێ و لۆچ . بە زۆری لەكوێستانەكانی كوردستان دەڕوێت بە تایبەتی لە ناوچەی هەورامان و ئەو شوێنانەی (600) تاكو (1000) مەتر لە سەرئاستی رووی دەریاوە بەرزن.
قەزوان چەندین جۆر و شێوە و رەنگی هەیە كە بەكاردێ بۆ دروست كردنی تەسبیح و هەندێك لە قەزوانەكان گرانبەهان زیاتر لە دروست كردنی تەسبیح، وەك خواردن بە كاردێت و سوودی زۆری هەیە بۆ گەدە و خۆشكردنی دەنگ و زیادكردنی چالاكی سێكسی، لە ناوەكەشی رۆنی جۆری ئەشكنەی لێوەدەردێت، لەگەڵ ئەوەش دەكرێتە ناو ماستاوەوەو تامی زۆر خۆشدەكات، جیا لەمانەش لە قەدەكەشی جۆرە چەوییەك دەردێت كە لە دروست كردنی رەنگ و رۆن بەكار دێت و دەشكرێ بە بنیشت كە بە هەورامی پێی دەڵێن « جاچەكوێمانە «. قەزوان بەر لەوەی پێبگات، نەرمە و رەق نییە، دواتر كە پێدەگات و رەق دەبێ، بۆیە كاتێك دەخرێتە دەم دەبێ بشكێنرێ و كەسێك بیخوات كە دەم و ددانێكی باشی هەبێ و چونكە قەزوان رەقە و بەهێزە.
