هونەری دروست كردنی تەنوور هونەرو پیشەیەكی كۆنە و مێژووی سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ چەرخە كۆنەكان بەر لە ئێستاشدا تەنوور دروست كردن لە قوڕ لە هونەرەوە بووە بە پیشە و خەڵكانێكی زۆر بژێوی ژیانیان لەسەرە، بۆ دروست كردنی تەنووری قوڕ پێویست بە خۆڵێكی تایبەت دەكات كە گرێ و گۆڵ تێدا نەبێـت، سەرەتا قوڕەكە خاوێن دەكرێتەوە پاشان لەگەڵ خوێ و كا تێكەڵ دەكرێت پاش ئەوەی تەواو بوو بە گیراوە بۆ چەند رۆژێك بەجێی دەهێڵدرێت پاشان دەست دەكرێـت بە دروستكردنی تەنوورەكان بەشێوەیەك هەر جارەو وەجبەیەك هەشت تا دوانزە تەنوور دەبێـت بەڵام لە وەرزی هاویندا ژمارەیەكی زۆر لە تەنوور دروست دەكرێت لەبەری ئەوەی لە وەرزی زستان دروست كردنەكە ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت و دەبێت داپۆشرێت رەنگە زیاتر لە مانگێك بخایەنێت، سەبارەت بە قەبارەو شێوەی تەنوورەكان، بە پێی ویستی داواكارەكان دەبێـت، چونكە ئەوەی لە ماڵان بەكاردێت بچووكترە لە چاو ئەوەی بۆ نانەواخانەكان بەكاردێت.