هەولێر شارێكی دێرین و كۆنە، ئەو شارە لە دێرزەمانەوە چەندین كاری سەیر و پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە، لەوانە بوونی شەمەندەفەر و قوتابخانەی كۆن و پردی پەڕینەوە لەناو جەرگەی شاردا، وادیارە پێشتر ئاوەڕۆی هەولێر هەبووە لە شێوەی رووبارێكی بچووك وابوو، بەناو هەولێردا تێدەپەڕی بۆیە پردیان بۆ دروست كردبوو، كە ئێستا نەماوە، ئەویش شوێنەكەی لەلای شێخی چۆلی بووە، كە ئێستا بۆتە چوارڕیانی زەعیم،، هەروەها ئەو پردەی كە لە پێشوودا هەبووە، كە بە پردی (مەحەتە) ناسرابوو، ئەوەیش پێش ساڵانی پەنجاكان، ئەو پردە ئێستا نەماوە و ئاوەڕۆكەش كراوەتە ئاو و زێراب كە بە ژێر پاركی منارەدا دەڕوات و دواتر دەچێتەوە گەڕەكی سایلۆ و پاشان بە تونیل دەچێتەوە تووڕەق، كە ئاوەڕۆی گشت هەولێر بەو زێرابەدا دەڕوات، پردەكە لە ئاسن دروست كرابوو، هەردوو لای بە كۆنكرێت ئامادەكرابوو، نێوان گەڕەكی تەعجیل و گەرەكی منارەی بە یەكتر دەبەستەوە، پێشكەوتنی هەولێر وای كرد كە ببێتە شارێكی خنجیلانە و جوان، بە نەوبووكی پایتەختی هەرێمی كوردستان دابنرێت.