دونیای منداڵی پڕیەتی لە جوانی و سادەیی و وێنەو یادگاری رەنگین و پر تام وچێژ ئەو بەرائەت و پاكییەی لەو دونیایەدا هەیە لە دونیای هەرزەكاری و گەورەییدا نابینرێت، بەشێكی دونیای منداڵان یاری و خۆ خەریكردن بووە، جاران لە شێوەی ئێستا شاری یاری و یاریی جۆر بەجۆری ئەلكترۆنی و دەستی نەبووینە، بەڵكو یارییەكان سادەو فۆلكلۆری بوون، یەكێك لەو یاریانە كە رەنگە زۆرانێكمان ئەنجامماندابێت یاری چاوشلكانێ بوو، چاوشلكانێ بە كۆبوونەوەی چەند منداڵێك ئەنجامدەدرا هەڵبژاردنیان دەكرد بۆ ئەوەی یەكێك دەربچێت تاوەكو چاوی خۆی بنوقێنێت تا ژمارەیەكی دیاری كراو، بۆ نموونە تا ژمارە سەدی دەژمارد، لەو ماوەیە منداڵەكانی دیكە خەریكی خۆ حەشاردان بوون و هەریەكەیان دەیویست باشترین شوێن بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەیدۆزنەوە ئەوەی یەكەم كەس ئاشكرا ببوایە ئەوە دەبووایە ئەو چاوی خۆی بنوقێنێت و بەدوای ئەوانی دیكەدا بگەڕێت، ئەوەی چاوی دەنوقاند و پاشان ژماردنەكە تەواو دەبوو ئەوە دەستی دەكرد بە گەڕان بەدوای ئەوانی دی، ئەگەر یەكێكی بدۆزیبایەوە پێی دەگوت: قیف، ئەو كاتە نەماندەزانی قیف مانای چییە دەمانگوت فلانەكەس قیف كرا ئێستا تێگەیشتین واتا وەستێنرا.