ڕەنگ كاریگەری تەواوی هەیە لەسەر جلوبەرگ، یان مۆدەی ماكیاژەكان، بۆیە دەبێ ئەو ڕەنگە هەڵبژێرین كە گونجاو و ڕەخساو بێ بۆ ڕەنگی جلوبەرگ یان ڕەنگی ماكیاژ، هەندێك هەڵەی جوانكاری هەن كە پێوەندی بەڕەنگەوە هەیە، چونكە زۆر جار ڕەنگەكە وادەكات جوانی شێواز یان ستایل بشێوێنێ، وەك ئەوەی جلێكی كوردی بەبریقە و لەڕەنگی سوور بێ، ئەمە یەكێكە لەو هەڵانەی كە هەندێك كەس ئەنجامی دەدەن، هەڵەكەش لێرەدا ئەوەیە، كە ناكرێ ڕەنگی سووری بەبریقە بۆ جلوبەرگ و بەتایبەت جلی كوردی، بەهۆی ئەوەی بریقەكە كار دەكاتە سەر ستایلی جلەكە و چەند نەخش و نیگاری تێدابێ، ون دەبێ و دیار ناكەوێ. هەندێك ڕەنگ هەن بۆ جلی كوردی، كە هەرگیز بریقە و ڕەنگدانەوە گونجاو نابێ لەگەڵیان دابنرێن، وەك ڕەنگی: سوور- قاوەیی- زەرد. هەر یەكە لەو ڕەنگانە هێما و جوانی خۆی هەیە، ئەگەر بریقە واتە بەئێكسسوار یان شێوازی قوماشەكە بریقەی تێدابێ، كار دەكاتە سەر نەشیاوی ڕەنگی جلەكە لەو كاتەی ئامادە دەبێ، ڕاستە جلێك دەردەچێ، بەڵام جوانی ڕووخسار و جوانی نەخشەكان ون دەكات، بەتایبەت كاتێك لەبەر تیشكی خۆر بێ، یان لەژێر ڕووناكییەكی بەهێز بێ، بۆیە ڕەنگی سوور یەكێكە لەو ڕەنگانەی بریقە قبوڵ ناكات و دەكرێ كراسی كوردی لەڕەنگی سووری سادەو بەبێ بریقەوە بێ.