پزیشكەكان لەبارەی خراپی تەندروستی سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا هۆشداری دەدەن

پزیشكەكان لەبارەی خراپی تەندروستی سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا هۆشداری دەدەن
پزیشكانی ئەلێكسی ناڤالنی، سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لەبارەی تەندروستی ناوبراو هۆشدارییاندا و رایانگەیاند، لەهەر چركەیەدا ئەگەری مردنی هەیە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێوارەی دوێنێ شەممە لەراگەیەنراوێكدا پزیشكە تایبەتەكانی ئەلێكسی ناڤالنی سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا كە زیندانە و سزادراوە رایانگەیاندوە، تەندروستی ناوبراو بەرەو خراپی رۆشتوە و لەهەر چركەیەكدا ئەگەری بڵاوبونەوەی هەواڵی مردنی هەیە.
31ی ئازاری ئەمساڵ ناڤالنی كە رەخنەگرێكی سەرەكی ڤیلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیایە مانی لەخواردن گرت
رۆژی 31ی ئازاری ئەمساڵ ناڤالنی كە رەخنەگرێكی سەرەكی ڤیلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیایە مانی لەخواردن گرت و داوای چارەسەری بەپەلە و گونجاوی بۆ ئازاری پشتی و سڕبونی قاچ و دەستەكانی كرد.
پزیشكی تایبەتی ناڤالنی و سێ پزیشكی دیكە داوایانكردبو بەپەلە ناڤالنی ببینن بەهۆی ئەو نیشانانەی تێیدا دەركەوتوە
ئاناستاسیا ڤاسیلی، پزیشكی تایبەتی ناڤالنی و سێ پزیشكی دیكە داوایانكردبو بەپەلە ناڤالنی ببینن بەهۆی ئەو نیشانانەی تێیدا دەركەوتوە، پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی دڵیش كە لەتیمەكەدایە جەختیكردۆتەوە نیشانەكان ئاماژەن بۆ خراپی تەندروستی ناوبراو.

لای خۆیەوە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا دەنگی خۆی خستە پاڵ ناڕەزایەتییەكان دژی ئەو جۆرە رەفتارە لەگەڵ ناڤالنی لەلایەن حكومەتی روسیا و رایگەیاند، "ئەو جۆرە مامەڵەیە بەتەواوەتی نادادپەروەرانەیە".

ناڤالتی تەمەن 44 ساڵ مانگی شوباتی رابردو بەتۆمەتی دروستكردنی پشێوی و مەترسی لەسەر ئاسایشی روسیا سزای دو ساڵ و نیو زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا، ئێستا لەشاری پۆكرۆڤ نزیكەی 60 كیلۆمەتر لەمۆسكۆوە زیندانیكراوە.





خەندان-
Top