نەوال سەعداوی کۆچی دواییکرد
نەوال سەعداوی وەک قوربانییەکی خەتەنەکردنی مێینە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی خەتەنەکردنی مێینە بوو، بە تایبەت لە میسر، کە دواجار لە 2008 بە فەرمی خەتەنەکردنی مێینەی قەدەخە کرد؛ سەعداوی لەبارەی خەتەنەکردنی مێینە گوتی: ئەو کارە ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی ئافرەتان.
نەوال سەعداوی، کە لە تەمەنی 13 ساڵیدا یەکەم رۆمانی خۆی نووسی، بە درێژایی چەندین دەیەی تەمەنی، لە زۆربەی کتێب، بڵاوکراوە، گوتار و وانەکانیدا، بەرهەڵستکاری باڵاپۆشی و پۆشاکی وروژێنەری ئافرەتان بوو؛ ئەو هەروەها بەرهەڵستکارێکی دیاری داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە ئازادی ئافرەت لە وڵاتانی عەرەبی سنووردار دەکەن، بۆیە کە بە سەعداوی گوترا "تۆ ئافرەتێکی تۆقێنەر و ترسناکی"، لە وەڵامدا نووسی: "من راستی دەڵێم، راستیش تۆقێنەر و ترسناکە".
نەوال سەعداوی، کە لەلایەن لایەنگرانی بە رێگەپیشاندەری نەوەکان ناودەبرێت، لە دایکبووی گوندێکی نزیکی شاری قاهیرەیە لە ساڵی 1931، خوشکی دووەمی 9 برا بوو. باوکی نەوال فەرمانبەرێکی ئاسایی حکومەت بوو، دایکیشی کچی خێزانێکی دەوڵەمەند بوو، لە تەمەنی 10 ساڵیدا خێزانەکەی هەوڵی بەشوودانی دا، بەڵام ئەو هەوڵەی رەتکردەوە، دایکیشی لەوەدا پشتگیریکرد، دواتر باوکی هانیدا بخوێنێت، بەڵام ئەو وەک خۆی نووسیویەتی: "هەر زوو هەستم بەوەکرد کەوا کچان کەمتر لە کوڕان رێزیان لێدەگیرێت".
ئەوەی زۆر نەوال سەعداوی لە ژیانیدا توڕەکرد، وەک خۆی دەڵێ، قسەیەکی داپیرەیەتی کە جارێکیان پێی گوتووە: "هەر کوڕێک بەرامبەر 15 کچە، چونکە کچ پەتایە. لەگەڵ ئەوەشدا سەعداوی لە ساڵی 2004 دا خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری میسر بەربژێر کرد و بووە رکابەری حوسنی موبارەک، سەرۆکی ئەوکاتی میسر، بەڵام لە هەڵبژاردن سەرنەکەوت".
بوێرییەکەی نەوال سەعداوی لە وڵاتەکەی دووچاری هەڕەشەی کوشتن، دەستگیرکردن، زیندانی و لە کار دوورخستنەوەی کردەوە، دواجاریش دووچاری رووکردنە هەندەرانی کرد، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا گەڕایەوە میسر؛ دیارترین کتێبەکانی نەوال سەعداوی بریتین لە: "رووی دانەپۆشراوی ئافرەتی عەرەب"، "ئافرەت و سێکس"، "ئافرەتێک لە خاڵی سفردا".
بەشێک لە کتێبەکانی سەعداوی بۆ 40 زمان وەرگێڕدراون و لە دەرەوەی میسر چەندین خەڵاتی جیهانی و بڕوانامەی رێزلێنانی پێبەخشرا، تەنانەت گۆڤاری تایم لە ساڵی 2020 دا سەعداوی بە یەکێک لە کاریگەرترین سەد ئافرەت لە جیهان ناوبرد.
rudaw -
