ئەردۆغان لە ساردیی پەیوەندیی لەگەڵ جۆ بایدن نیگەرانە

ئەردۆغان لە ساردیی پەیوەندیی لەگەڵ جۆ بایدن نیگەرانە
نزیکەی دوو مانگە جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردراوە، لەو ماوەیەدا تەلەفۆنی بۆ ٤٧ سەرۆكی وڵاتانی جیهان کردووە، بەڵام تا ئیستا پەیوەندیی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیاوە نەكردووە، ئەمەش ئەردۆغانی نیگەران كردووە.

ئاژانسی (ئەسۆشیەیتێد پرێس) لە راپۆرتێكدا لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و توركیا، هەڵسەنگاندنی بۆ پەیوەندی نێوان بایدن و ئەردۆغان كردووە.

بەرپرسێكی باڵای توركیا كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە و قسەی بۆ هەمان ئاژانس كردووە، دەڵێت ئەردۆغان بەو ساردییەی بایدن لەگەڵیدا هەیەتی و تاوەكوو ئێستاش لەوەتەی بووەتە سەرۆك پەیوەندیی پێوە نەكردووە، زۆر نیگەرانە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "ئەردۆغان هەوڵی زۆری داوە تا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ناتۆ و ئەمریكا وەكوو جاران لێ بكاتەوە، شێوازی قسەكردن و سیاسەتیشی لەو ڕووەوە گۆڕیوە، بەڵام رۆژئاوا و ئەمریكا بێدەنگییان لەو هەنگاوەی ئەردۆغان کردووە. نزیكەی دوو مانگ دەبێت بایدن سەرۆكی ئەمریكایە، تاكوو ئێستا تەلۆفۆنی بۆ ئەردۆغان نەكردووە، لە كاتێكدا ئەردۆغان پیرۆزبایی سەرۆكایەتی لێی كرد، بەڵام كاتێك لە ٢٠١٦ دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمریكا، دوای چەند رۆژێك پەیوەندیی بە ئەردۆغانەوە كرد و باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان كرد".

ماوەی چەند ساڵێكە پەیوەندیی ئەمریكا و توركیا خراپە، ئەویش بە هۆی جیاوازییان لەبارەی بارودۆخی سووریا و دەریای سپی ناوەڕاست، هەروەها نزیكبوونەوەی توركیا لە رووسیا و کڕینی مووشەکی s400 لە ڕووسیا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بەرپرسانی ئەنقەرە، پێیان باش بووە دۆناڵد ترەمپ ٤ ساڵی دیکە سەرۆكی ئەمریكا بوایە، چونكە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەبووە.

لە ٢٠١٩ جۆ بایدن لە دیبیەتێكی رۆژنامەی (نیۆیۆرك تایمز)دا ئەردۆغانی وەكوو سەرۆكێكی دیكتاتۆر ناو برد، داواشی لە ئەمریكا كرد پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بكات بۆ لادانی ئەردۆغان و دارودەستەكەی، بۆیە (ئەسۆشیەیتێد پرێس) ئەمەی بیر خوێنەران خستووەتەوە و رەنگە یەكێك بێت لەو هۆكارانەی بایدن نایەوێت پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە بكات.








باسنيوز
Top