نرخی جلوبەرگی ژنان لە سنە زیاتر لە سێ هێندەی پیاوانە

نرخی جلوبەرگی ژنان لە سنە زیاتر لە سێ هێندەی پیاوانە
وەرزی بەهار وەرزی زێڕینی کارکردنی بەرگدوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئێستا کە چەند رۆژێکی ماوە بۆ نەورۆز، بەڵام دۆخی کار و داهاتیان هەر وەکو مانگەکانی پێشترە. تاق و تەرا کڕیار دەچن و بۆ نەورۆز جلوبەرگی کوردی بە دوورین دەدەن.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان باو بووە کە خەڵک بۆ جەژنی سەری ساڵ جلوبەرگی نوێی کوردی بکەنە بەر، بەڵام بێ بازاڕیی دووکاندار و بەرگدوورەکان ئاماژەیە بەوەی ئەمساڵ بەو شێوەیە نابێت. هۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی خراپی ئابووریی خەڵک.

ئەمساڵ لەگەڵ گرانبوونی شتوومەکی دیکە، نرخی قوماشی پیاوانە و ژنانەش زۆر بەرزبووەتەوە. جیاوازیی نرخیان لەگەڵ پار، لە 70 بۆ سەرووی 100%ـە. دەستێک جلوبەرگی کوردیی پیاوانە بە قوماشی ئاسایی دەورووبەری ملیۆنێک و 500 هەزار تمەن دەگرێتەوە. جلوبەرگی ژنانیش گرانترە، بەشێوەیەک، دەستێکی تەواو جلوبەرگی ئاسایی ژنان، دەورووبەری پێنج ملیۆن تمەن دەکەوێت.

گیرفانی زۆربەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەستەم دەتوانێت تێچووی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان دابین بکات، هی بەشێکی کەمیان بەشی گرینگیدان بە رواڵەت دەکات.
rudaw -
Top