ئیسرائیل داوادەكات دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بەتەواوی ھەڵبوەشێندرێتەوە
لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەنالی "الحرة"ی ئەمەریكاییدا، دوێنی چوارشەممە، شتاینتز جەختیكردەوە لەوەی وڵاتەكەی رێگانادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و گوتی: "ئەگەر بڕیار ھاتەدان بە بەرداوامبوون لەو بەرنامەیە، ئەو كات ئیسرائیل ھەرچی لە توانایدا بێت دەیكات لەپێناو رێگەگرتن لەو كارە".
شتاینتز داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد فشاری زۆر بخاتە سەر ئێران بۆ ناچاركردنی بە ھەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمییەكەی، نەك تەنھا تواناكانی سنووردار بكرێت، جەختیشیكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە "نەك تەنھا بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران سڕ بكرێت و لە كار بخرێت، بەڵكو بەتەواوی رەتبكرێتەوە و نەمێنێت"، بۆ ئەوەی شتەكە كۆتایی بێت،"وەك ئەوەی لە لیبیا روویدا" بەپێی دەربڕینی پێگەی "مەكان"ی ئیسرائیلی.
لە ساڵی 2003 سەرۆكی لیبیا، موعەمەر قەزافی رایگەیاند، وڵاتەكەی خۆبەخشانە تەواوی كەرستە و پێداویستییەكان و ئەو بەرنامانەی بەرەو چەكی قەدەخەكراو نێودەوڵەتیی دەبات لە چەكی وێرانكاری تەواو و مووشەكە بالیستییە مەودا درێژەكان لادەبات و نایانھێلێت. ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەریتانیاش ھاریكارییان پێشكەش بە لیبیا كرد بۆ لابردنی و نەھێشتنی بەرنامەكەی لە بواری چەكی ئەتۆمی، ھەروەھا ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی بەشێوەیەكی سەربەخۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە كرد.
وەزیری وزەی ئیسرائیلی گوتی: "رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەتەواوی ھەڵە بوو، دوای دوو یان سێ ساڵ كارمان كرد بۆ دەستەبەركردنی تەواوی ئەرشیفی نھێنی ئەتۆمی ئێران و ھێنامانە ئیسرائیل".
گوتیشی"ھەموومان بەڕوونی بینی(ئەرشیف)، بەپێچەوانەی ئەوەی گوتیان، ئەوان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئامادەكردنی 10 سەرە ئەتۆمی، ئێمە وێنە ھێلكارییەكانی ئەو سەرە ئەتۆمیانەمان بینی، ئەوانە نووسرابوون و تۆماركرابوون، بۆیە باش بوو ئێمە ئەو ئەرشیفەمان ھێنا، چونكە ئێستا ئەوان ناتوانن ئەو راستییە رەتبكەنەوە، بۆیە ئێمە ھەر شتێك لە تواناماندا بێت بۆ بەرگریكردن لە خۆمان و لە جیھان ئەنجامی دەدەین".
پێگەی "مەكان"ی ئیسرائیلی، كە سەر بە دەستەی ئێزگەی ئیسرائیلە، لە دیپلۆماتكارە رۆژئاواییەكانی گواستووەتەوە، كە گوتوویانە، گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران زۆر ئەستەم دەبێت، ئەگەر دەوڵەتەكانیانیش ئەو كارەیان بوێت، كارەكە نیمچە مەحاڵە بەھۆی "پێشێلكارییەكانی ئێران لە میانی ئەو چەند مانگەی رابردوودا". ھەروەھا دیپلۆماسییەكان جەختیاكردووەتەوە لەوەی رێككەوتنی بنەڕەتی پێویستیی بە ھەمواركردنەوە ھەیە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە بارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانی دەستپێدەكات، بەشێوەی ڤیدیۆ كۆنفرانس لە نێوان سەرۆكی ئاسایشی نەتەوەی مائیر بن شابات و ھاوتا ئەمەریكاییەكەی جەیك سولیڤان.
k24 -
