"نیۆیۆرك تایمز": لەوانەیە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا دانوستانەكانی واشنتن و تاران دەستپێبكرێنەوە
رۆژنامەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دەمی دیپلۆماتكارە ئەمەریكایی و ئەوروپاییەكانی گواستووەتەوە، كە گوتیانە: ویڕای ئەو تەنگژەی ئێستا لە ھەوڵەكاندا ھەیە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ھەردوو لایەن، بەڵام لەوانەیە لە میانی چەند ھەفتەی داھاتوودا دانوستانە نافەرمییەكان لە نێوان واشنتن و تاراندا دەستپێبكاتەوە.
رۆژنامەكە بەردەوام بوو و گوتی: "كاتێك ئەوە روودەدات، مەزندە دەكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران بگەنە رێككەوتن لەسەر گرتنەبەری ھەنگاوە ھاوكاتانیان لە پێناو گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی واژووكراو لە 2015".
رۆژنامەكە دانیناوە بەوەی ھەردوو لایەن رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ دەبنەوە تەنانەت ئەگەر ھەنگاوی بچووكیش لەم روویەوە بھاوێژن بەرەو نزیكبوونەوە لە یەكتر، دوای ئەوەی سێ ھەفتە تێپەڕ دەبێت بەسەر راگەیاندنی ئامادەیی ئەمەریكا بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە لایەن سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، جۆ بایدنەوە.
رۆژنامەكە ئاماژەیكردووە، ئێستا ئیدارەی بایدن كەوتووەتە نێوان ھاوپەیمانە ئەوروپاییەكان لە لایەك و فشارەكانی كۆنگرێس لە لایەكی دیكەوە، كە ژمارەیەك لە یاسادانەرانی ئەمەریكا دژی ھەر سازشێكی نوێنە بۆ تاران و داوای بەرفراوانكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی دەكەن بۆ ئەوەی بەرنامەی بالستی ئێرانیش بگرێتەوە.
k24 -
