کۆشنێر کتێبێک لەبارەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و عەرەب بڵاو دەکاتەوە
هاوسەری ئیڤانکای کچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017 - 2021)، کتێبێک لەبارەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و چوار وڵاتی عەرەبی بڵاو دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، جارید کۆشنێر، زاوا و گەورە راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، کتێبێک لەبارەی ئەزموونی چوار ساڵەی خۆی لە کۆشکی سپی و قۆناغ و هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات، بەحرێن، سودان و مەغریب لەگەڵ ئیسرائیل، بڵاو دەکاتەوە.
لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2020، جارید کۆشنێر بە پاڵپشتیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییەکانی هەر چوار وڵاتە عەرەبییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
جگە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و چوار وڵاتە عەرەبییەکە، جارید کۆشنێر لە کتێبەکەیدا تیشک دەخاتە سەر چەند تەوەرێکی دیکەی وەک؛
- رێککەوتنە بازرگانییەکانی ئەمریکا و چین
- کارکردنی ئیدارەی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا
- لێکۆڵینەوە لە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی مانگی 11ـی 2016، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی بەدست هێنا
- کێشەی سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک
- لێپرسینەوە لە ترەمپ لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتەکەی
کۆشنێر لە ساڵی 1981 لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و وەبەرهێنەری بواری خانووبەرە لەدایک بووە. لە ساڵی 2009 هاوسەرگیری لەگەڵ ئیڤانکا ترەمپ (لەدایکبووی 1981)، کردووە.
باسنیوز
