تورکیا پێنج کەس بە تۆمەتی کوشتنی باڵیۆزی رووسیا سزادەدات

تورکیا پێنج کەس بە تۆمەتی کوشتنی باڵیۆزی رووسیا سزادەدات
دوای پێنج ساڵ لە کوشتنی باڵیۆزی رووسیا، دادگەیەکی تورکیا رۆژی سێشەممە سزای زیندانیکردنی تاهەتایی بەسەر پێنج کەسدا سەپاند بە تۆمەتی کوشتنی ئەندرێ کارلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە لە ساڵی 2016.

پێنج کەسەکە تۆمەتبار بوون بە هەبوونی پەیوەندی بە تەقەکەرەکەوە کە ناوی مەولود مەرت ئاڵتینتاس بوو و تەمەنی 22 ساڵ بوو، کە دوای کوشتنی باڵیۆزە رووسیەکە لە پێشانگەیەکی وێنەدا، خۆیشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە کوژرا.

شەش گومانلێکراوی دیکە بێتاوانکران لە کاتێکدا کە حەوتی دیکەیان بە تۆمەتی بە ئەندامبوون لە گرووپێکی "تیرۆرستی" سزادران.

تورکیا کوشتنی باڵیۆزە رووسیەکەی خستە ئەستۆی بزووتنەوەی خزمەت کە فەتحوڵڵا گولەن سەرۆکایەتی دەکات. هەوروەها ئەنقەرە گولەن بە نەخشەکێشانی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 تۆمەتباردەکات.

بزووتنەوەی خزمەت هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان پەرە بە ئاشتی و پەروەردە دەدەن.

بکوژەکە دوای کوشتنی باڵیۆزی رووسیا چەند خولەکێک قسەی کرد کە ئەمە دەقی قسەکانیەتی:

اللە اکبر، اللە اکبر.. ئێمە بەیعەتمان بە محەممەد داوە لەسەر جیهاد بەرامبەر دوژمنان.. اللە اکبر.. ئەوانەی حەلەبیان بەم رۆژە گەیاند، حەلەب لەبیر مەکەن، سووریا لەبیر مەکەن، هەتاوەکو ئەوان لە ئەمن و ئاسایشدا نەبن، ئێوەش ناتوانن لە ئەمن و ئاسایشدا بن.

بگەڕێنە دواوە، بگەڕێنە دواوە، تەنیا مردن دەتوانێت من لێرە بکاتە دەرەوە.. ئەوانەی لەو زوڵمەدا دەستیان هەیە، هەموویان باجی ئەو زوڵمەیان دەدەن، هەموو ئەو لایەنانە .
rudaw -
Top