خانمی یەکەمی ئەمریکا 21 ژن خەڵات دەکات

خانمی یەکەمی ئەمریکا 21 ژن خەڵات دەکات
لە رۆژی جیهانیی ژناندا، خانمی یەکەمی ئەمریکا خەڵاتی ئازایەتیی بەخشییە 21 ژن کە خەڵکی 15 وڵاتی جیاوازی جیهانن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵانە خەڵاتی ئازایەتی بەو ژنانە دەبەخشێت کە سەرەڕای ترس، ئاڵنگاری و هەڕەشەکان، هێشتا شوێن خەونی خۆیان دەکەون و دەبنە نموونە بۆ ژنانی دیکەی جیهان، بەتایبەت لە بواری مافی ژناندا.

ئەمساڵیش لە رۆژی 8ی ئاداردا، جیڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمریکا خەڵاتەکانی بۆ 21 ژن راگەیاند، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە قسەی لەگەڵ ژنەکان کرد و بە پاڵەوانی ئەفسانەیی ناویبردن.

ئەفغانستان لە چوارچێوەی خەڵاتی ئازایەتیی ژنانی جیهان، زۆرترین خەڵاتی بەرکەوت کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە حەوت ژنی ئەو وڵاتە خەڵات کران.

خانمی یەکەمی ئەمریکا دەڵێت، ئەو ژنانە لەپێناو ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان جەنگاون، "ئەوان پاڵەوانی راستەقینەن، ئەمریکاش بە سەرکردایەتیی جۆ بایدن، بەڵێن دەدات پشتیوانیی هەموو ژنانی جیهان بێت".

جیڵ بایدن گوتیشی "کاتێک گوێمان لە چیرۆکی ئەم ژنانە دەبێت کە ئەمڕۆ بەرز رایاندەگرین، وا بیردەکەینەوە ئەمانە پاڵەوانی ئەفسانەیین، فریشتەن لەناوماندا، یان لەوانەیە خوداوەندەکان دەستیان گرتبن، مەزنایەتی هەڵیبژاردوون، لەمە زیاتر دەبێت چۆن باسی ئەم کارە پاڵەوانانەیان بکەین.. هەندێک لەم ژنانە ژیانی خۆیان تەرخانکرد بۆ جەنگ لەپێناو چیرۆکی خۆیان، لەکاتێکدا کەسانی دیکە هەبوون زوو وازیان لە جەنگ هێنا. ئەمانە بۆ ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان جەنگاون. دەیانەوێت خراپەکانی رابردوو بە شتی دروست بگۆڕن، داهاتوویەکی باشتر بونیادبنێن".
rudaw -
Top