پاپا فرانسیس: کۆبوونەوە لەگەڵ سیستانی ئارامیی بە رۆحم دا
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند "پێموایە پەیامەکە جیهانی بوو. لەم سەردانی تایبەت بە بیروباوەڕەدا هەستم بەوە کرد ئەرکی ئەوەم لەئەستۆدایە کە بڕۆم و پیاوێکی گەورە ببینم. ئەو [سیستانی] پیاوێکی ژیرە؛ پیاوی خودایە و کاتێک گوێی بۆ دەگریت لەم راستیە تێدەگەیت".
پاپای ڤاتیکان دەڵێت "ئەوەی پەیوەندیی بە پەیامەکانەوە هەیە، پێموایە بۆ هەموو کەس بوون. ئایەتوڵڵا سیستانی کەسێکە کە ژیرە. ئەو پێی راگەیاندم کە ماوەی 10 ساڵە پێشوازی لە کەس نەکردووە کە ویستویەتی بە مەبەست و پەیامێکی سیاسییەوە بچێتە لای و ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لەگەڵ ئەو کەسانە کۆدەبێتەوە کە ئامانجێکی ئایینییان هەیە".
هەر لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سیستانی، پاپا فرانسیس گوتی "ئەو لە کۆبوونەوەکەدا کەسێکی زۆر بەڕێز بوو. هەستم بە شەرەفێکی گەورە کرد. ئەو هیچ کات لە پێشوازیی کەسدا هەڵناسێت، بەڵام دووجار بۆ سڵاوکردن لە من هەستایەوە. ئەو پیاوێکی ژیر و خاکییە. ئەو کۆبوونەوەیە ئارامی بە رۆحم دا و رووناکییەک بوو".
رۆژی 5ی ئادار پاپا فرانسیس بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە عێراق و 7ی ئاداریش لە هەولێر بوو، رۆژی 8ی ئاداریش کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا و لە فڕۆکەخانەی بەغداوە گەڕایەوە بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.
rudaw -
