سەرۆکایەتیی تورکیا باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی عەرەب دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 8-3-2021، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، زەمینەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ میسر و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، هەیە.
ئیبراهیم کاڵن هەروەها رایگەیاندووە، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ میسر و وڵاتانی کەنداو هاوکار دەبێ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەکە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی و وڵاتانی عەرەب دەتوانن لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان هەڵبدەنەوە.
دوای لەسەرکارلادانی محەمەد مورسی لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی میسر لە ساڵی 2013، میسر رەوتی ئیخوان موسلیمین، کە مورسی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی، خستە تیرۆرەوە.
دوای میسر، وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و بەحرێن رەوتی ئیخوان موسلیمینیان خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
بە ناساندنی ئیخوان موسلیمین بە رێکخراوێکی تیرۆریستی، پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ تورکیا، کە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینەوە حوکمڕانی دەکرێت، تێکچوون.
باسنيوز
