بەرپرسێكی ئێرانی: واشنتن رەزامەندی داوە لەسەر رێگادان بە بەردانی پارەكانی تاران لە عێراق
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی لە ژووری بازرگانی ئێرانی – عێراقی، حەمید حوسەینی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی "فارس" گوتی: ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەكانی لوبنانی، عێراقی و رۆژئاوایی گەیشتوون، جەخت دەكەنەوە لەوەی پێش دوو رۆژ ویلایەتە یەكگرتووەكان رازامەندی داوە لەسەر بەردانی پارە سڕكراوەكانی ئێران لە بانكی بازرگانی عێراقی و لەم روویەوە ھەندێك مامەڵەش ئەنجامدراون.
گوتیشی: "بەرپرسانی عێراقی چەندین جار پەیوەندییان كردووە و چاوەڕێی گلوپی سەوز بوونە لە لایەن واشنتنەوە بۆ بەردانی ئەو پارە سڕكراوانە و لە كۆتایشدا روویدا".
بەرپرسەكە گوتیشی: ھەرچەندە تۆڕی "الجزیرە" لەم دواییەدا ھەواڵێكی بڵاوكردەوە و رەتی راستی ئەو زانیارییانەی كردبووە، بەڵام دواتر راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقی جەختیكردەوە لەوەی واشنتن رێگای داوە و رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەكارھێنانی ئێران بۆ پارەكانی خۆی لە بەغدا بەمەبەستی مرۆڤی.
حوسەینی روونیشیكردەوە بەشێك لەو پارانەی بەردراون بەكاردەھێنرێن بۆ دەستبەركردنی ئەو كاڵا سەرەكیانەی ئێران پێویستیەتی، گوتیشی: بارێكی گەنمە شامی لە عێراق ھاوردە كردووە لە ئەنجامی بەردانی پارە سڕكراوانی ئێران.
K24 -
