بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا 867 هەزار ژنی بێکار کردووە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا 867 هەزار ژنی بێکار کردووە
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕی تورکیا - دیسک راپۆرتێکی تایبەت بە رێژەی هەلی کاری بۆ ژنان و دۆخی ژنان لە کەرتەکانی کاردا بڵاوکردەوە.

دیسک کە لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە زانیارییەکانی دەستەی ئاماری تورکیاش بەستووە، بڵاویکردووەتەوە "لە ماوەی قەدەخە و سنووردارکردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە تورکیادا رێژەی بێکاریی ژنان گەیشتووەتە 37.7%، هەر لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بێکاربوونی ژنان بە تێکڕایی بۆ مانگێک 1.48 ملیۆن بووە".

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە تاوەکو ئێستا 867 هەزار ژن کارەکانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی راپۆرتی دەستەی ئامار لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بەراورد بە پیاوان، ژنان زیاتر کارەکانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتی سندووقی بیمەی بێکاری، لە ساڵی 2020 ژمارەی ئەو کەسانەی لە بیمەی بێکاری سوودمەندبوون، بە رێژەیەکی زۆر دابەزی. لە کانوونی دووەمی 2020دا 610 هەزار و 287 کەس بڕی 712 ملیار لیرەی تورکییان وەرگرت، کە دەکاتە نزیکەی 94.5 ملیۆن دۆلار. لە کانوونی یەکەمی 2020 ژمارەی ئەو کەسانەی لەم بیمەیە سوودمەند بوون بۆ 207 هەزار و 263 کەس دابەزیوە و بڕی 260 ملیۆن لیرەیان پێدراوە کە دەکاتە نزیکەی 34.5 ملیۆن دۆلار.

ئەمەش لەکاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵدا سەدان کرێکار و کارمەند لە باکووری کوردستان و تورکیا لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە دەربکرێن.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکارەکان داخران و خاوەن کارەکانیش بۆئەوەی مووچە نەدەن بەشێک لە کارمەند و کرێکارانیان دەردەکردن و ناویان لەو جۆرە دەرکردنەش دەنا، مۆڵەتی بێ مووچە.

سندووقی بیمەی بێکاری بەو پاکێجەی پێشی لەم دۆخە گرت، ئەویش بە پێدانی بڕە مووچەیەکی کەم. ئامانج لەمە، پێشگرتن بوو لە زیادبوونی ژمارەی بێکاران لە باکووری کوردستان و تورکیادا. ئێستاش چاوەکان لەسەر کۆتایی مانگی ئادارن، چونکە ئەوکاتە ماوەی یاسایی پابەندبوونی خاوەن کارەکان بە پێدانی بڕە مووچە و دەرنەکردنی کرێکاران و کارمەندان کۆتایی دێت. هەربۆیە ترس و دڵەڕاوکێی دەرکردن دروستبووە.

بەپێی دوایین راپۆرتەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، رێژەی بێکاری لەو وڵاتەدا بریتییە لە 12.87%، هەروەها رێژەی بێکاری لە چینی گەنجاندا بە 24.9% خەمڵێندراوە. ئۆپۆزسیۆن رەخنەی لەم ئامارەش هەیە و پێیوایە رێژەی بێکاری بەرزترە لەوەی حکومەت بڵاویدەکاتەوە.
rudaw -
Top