حەسەن رۆحانی: تەنیا ئێمە باجی پابەندبوون بە رێککەوتنی ناوکیمان دا
سەرکۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، تەنیا ئێران باجی پابەندبوون بە رێککەوتننامەی ناوکی داوە.
بەپێی هەواڵێکی میدیا ئێرانییەکان، حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، پێویستە لەسەر هەموو لایەنەکان پابەند بن بە رێککەوتننامەی ناوکی.
حەسەن رۆحانی بە ئاماژەکردن بەوەی ئێران تاکە وڵاتە، کە باجی پابەندبوون بە رێککەوتننامەی ناوکی داوە، جەختی لە سەختیی بەردەوامبوونی وڵاتەکەی لە پابەندبوون بە رێککەوتننامەکە کردووەتەوە.
سەرکۆماری ئێران ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ کارکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشان داوە.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
