ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات
سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، داوا دەكات پاییزی ئەمساڵدا توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، هۆكارەكەشی بۆ خراپیی ڕەوشی ئابووری و سیاسیی وڵاتەكە دەگەڕێنێتەوە.
كەمال كلیچدارئۆغلۆ، سەرۆكی CHP كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیی كەناڵی (KRT)ی توركی، باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە كرد.
گوتیشی: "داوا دەكەین پاییزی ئەمساڵ بڕیار لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بدرێت و بۆ بەهاری ساڵی داهاتووش بۆ هەموو توركیا دەبێتە بەهارێكی خۆش و لە دەستی ئەم دەسەڵاتە رزگارمان دەبێت. لە ڕەوشە ئابووری و سیاسییە خراپەدا ناكرێت حكوومەت بەردەوام بێت".
كلیچدارئۆغلۆ باسی لەوەش كرد: "ئەگەر بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ٢٨ ئەندام پەرلەمانی HDP لەناو پەرلەمان بڵێین بەڵێ، واتە خیانەتمان لە دیموكراتی كردووە".
باسنيوز
