وەزیری بەرگری ئیسرائیل پلانێکی نهێنی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرادەکات
ئیسرائیل پلانەکانی بۆ لێدان لەپێگە ئەتۆمییەکانی ئێران نوێدەکاتەوە و ئامادەیە بۆئەوەی بەشێوەیەکی سەربەخۆیان و بەبێ هاوکاری هیچ وڵاتێک ئەو هەنگاوە بنێت
بەگوێرەی ئاژانسی روسیا تودەی، ئەمڕۆ هەینی، بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، پلانێکی نهێنی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکراکرد و رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل پلانەکانی بۆ لێدان لەپێگە ئەتۆمییەکانی ئێران نوێدەکاتەوە و ئامادەیە بۆئەوەی بەشێوەیەکی سەربەخۆیان و بەبێ هاوکاری هیچ وڵاتێک ئەو هەنگاوە بنێت.
ئەگەر جیهان نەتوانێت پێشکەوتنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی راگرێت خۆمان ئەو هەنگاوە دەنێین
وەزیری بەرگری ئیسرائیل راشیگەیاند، ئەگەر جیهان یتوانێت پێشکەوتنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی راگرێت ئەوە باشە، ئەگەرنا ئیسرائیل بۆ خۆی بەتەنها هەڵوێست وەردەگرێت و بەرگری لەخۆی دەکات.
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان کە فۆکس نیوز بڵاویکردۆتەوە، لەمساڵدا ئێران بەنیازە لەڕێگای گروپە سێبەرەکانی لەلوبان و سوریا هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل.
گانتز ئاشکراشیکردوە، گروپی حزبوڵای لوبنان کە سەربە ئێرانە، سەدان هەزار موشەکی هەیە و وەک نەخشەیەکی نهێنی زۆربەی ئەو موشەکانەی لەناوچە مەدەنییەکان بەدرێژایی سنورەکانی ئیسرائیل جێگیر کردوە.
خەندان
