ئەو دوو مزگەوتەی لە نیوزیلاند هێرشیان کرایەسەر، 'هەڕەشەیان' لێ دەکرێتەوە
لە نیوزیلاند دوو کەس کە بەشێوەی ئۆنلاین هەڕەشەیان دژی دوو مزگەوتی کریستچەرچ کردووە، پۆلیس دەستگیری کردوون، کە ئەو دوو مزگەوتەش بەر لە نزیکەی دوو ساڵ هێرش کرایە سەریان و بەهۆیەوە 51 موسڵمان، کە بۆ نوێژی هەینی کۆببوونەوە، کوژران.
پۆلیس لە شاری ساوز ئاسلاند رایگەیاند، هەڕەشەیەکی ئۆنلاین لە سەرەتای ئەم هەفتەیە دژی مزگەوتی نوور و سەنتەری ئیسلامیی لینوود (مزگەوتی لینوود) کراوە، کە ئەو دوو مزگەوتە لە 15ی ئاداری 2019 کرانە ئامانج و هێرش کرایە سەریان.
پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەبارەی سرووشتی هەڕەشەکە و ناوی گومانلێکراوەکان نەخستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا هیچ تۆمەتێک بەسەر گومانلێکراوەکاندا ساخ نەبووەتەوە.
فەرماندەیەکی پۆلیس بەناوی جۆن پرایس رایگەیاندووە "هەموو هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە بە جیددی وەردەگرین و لەنزیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگە موسڵمانەکەمان کاردەکەین. پەیامی رق و هەوڵدان بۆ ئازاردان لە کۆمەڵگەکەمان قبووڵ ناکرێت، ئەوە رێگەی ئێمە نییە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵڕۆژی هێرشەکەی سەر دوو مزگەوتی کریستچەرچ لە نیوزیلاند نزیکە.
رۆژی 15ی ئاداری 2019 کەسێکی بە رەچەڵەک ئوسترالی بەناوی برینتۆن تارانت بە چەکی پێشکەوتوو و بەشێوەی ئۆنلاین هێرشی کردە سەر دوو مزگەوتی کریستچەرچ و 51 موسڵمانی کوشت و دەیان موسڵمانی دیکەشی بریندارکرد.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، تارانت بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا، بەشێوەیەک کە ئازادکردنی کاتی یاخود کەفالەت نایگرێتەوە، ئەوەش یەکەمین کەیسی لەو شێوەیە بوو لە نیوزیلاند کە سزایەکی لەو شێوەی بەسەردا بسەپێندرێت.
تارانت جگە لەوەی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە رایگەیاندووە کە دژی ئەو سزایە نییە کە سەپێندراوە بەسەریدا و لە دادگەش لەکاتێکدا سزادرا بە زیندانی هەتاهەتایی، هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.
rudaw -
