میری کوەیت بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی ئەمریکا دەکرێت
نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح، میری کوەیت کەماوەی پێنج مانگە کورسی دەسەڵاتی لە وڵاتەکەیدا وەرگرتوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک پشکنین و چارەسەری پزیشکی گەیشتوەتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و راگەیاندنی کوەیتیش لەبارەی تەندروستی میری وڵاتەکەتەوە دڵنیایی دەدات.
بەمەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک پشکنین و چارەسەری پزیشکی گەیشتوەتە ئەمریکا
ئاژانسی هەواڵی کوەیت بڵاویکردەوە، نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح، میری کوەیت بەمەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک پشکنین و چارەسەری پزیشکی گەیشتوەتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.
دوێنێ حکومەتی نوێی کوەیت لەبەردەم میری وڵاتەکەیان سوێندی یاساییان خوارد
سەردانەکەی نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح بۆ چارەسەری پزیشکی لەکاتێکدا دوێنێ چوارشەممە حکومەتی نوێی کوەیت لەبەردەم میری وڵاتەکەیان سوێندی یاساییان خوارد.
نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح تەمەن 83 ساڵە و ئەیلولی ساڵی 2020 بوەتە میری نوێی کوەیت
مانگی ئەیلولی ساڵی 2020 نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح، میری نوێی کوەیت (تەمەن 83 ساڵ) دوای 14 ساڵ لەبەڕێوەبردنی پۆستی جێنشینی میر و لەگەڵ کۆچی دوایی سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباحی برای، لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە وەک میری نوێ دیاریکرا.
باسنیوز
