فیدراسیۆنی پەنابەران لەبارەی کۆچ و "فێڵی قاچاخچییەکان" هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

 فیدراسیۆنی پەنابەران لەبارەی کۆچ و
فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەربەستە سەختەکانی سنوری یۆنان و بوڵگاریا لەبەردەم پەنابەراندا ڕێگای بۆ قاچاخچییەکان خۆشکردوە یاری بە ژیان و چارەنوسی پەنابەرانەوە بکەن، داواش دەکات هاوڵاتیان خۆیان نەخەنە ژێرباری هەڕەشە و بەڵێنی قاچاخچییەکان لەکاتی مەترسیدا رێکخراوەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بەهانایانەوە بچن.

پێشەکی بڕی 16500 لێوەرگرتون بەمەبەستی گەیاندنیان بۆ ئەڵمانیا

فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، پەنابەرێکی کورد لە تورکیا لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی 2020ەوە لەلایەن قاچاخچییەکەوە یاری بە ژیان و چارەنوسی خۆی و دومنداڵ و هاوسەرەکەی کردوە پێشەکی بڕی 16500 (شازدە هەزارو پێنچ سەد دۆلاری) لێوەرگرتون بەمەبەستی گەیاندنیان بۆ ئەڵمانیا، بەڵام دوای چوار مانگ مانەوەیان لەتورکیا قاچاخچییەکە لەشوقە هێشتونیەتەوە کە هاوشێوەی زیندان بوە، چونکە نەیانتوانیوە بێنە دەرەوە.

داوای بڕی 5000 دۆلاری دیکەشی کردوە ئەگەر نا ئەو خێزانە پەنابەرە بێ سەرو شوێن دەکات

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوە کە پەشیمان دەبنەوە لەوەی درێژە بە گەشتەکەیان بدەن لەلایەن قاچاخچییەکەوە پەیوەندی بە کەس و کاری پەنابەرەکەوە دەکرێت و جگە لە نەگەڕاندنەوەی بڕی ئەو پارەی پێشەکی وەریگرتوە، داوای بڕی 5000 (پێنج هەزار) دۆلاری دیکەشی کردوە ئەگەر نا ئەو خێزانە "پەنابەرە بێ سەرو شوێن دەکات".

بە هاوکاری کەس و کاری لە ڕیکەوتی 3ی ئازار توانیویانە ئەو خێزانە پەنابەرە لە دەست ئەو قاچاخچییە ڕزگاربکەن

فیدراسیۆنی پەنابەران بەدواداچونی بۆ دۆسیەی ئەو خێزانە کردوە و باسی لەوەکردوە، بەدواداچونیان بۆ ئەو روداوە کرد و بە هاوکاری کەس و کاری لە ڕیکەوتی 3ی ئازار توانیویانە ئەو خێزانە پەنابەرە لە دەست ئەو قاچاخچییە ڕزگاربکەن و ئامادەکاریان کردوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.

هەرکاتێك هەستان بە مەترسی کرد لایەنی ئەمنی و ڕێکخراوەکانی پەنابەران ئاگاداربکەنەوە

باس لەوەشکراوە، "داوا لە پەنابەران دەکەین بە هیچ شێوەیەك خۆتان نەخەنە ژێر باری هەڕەشەو بەڵێنە درۆکانی قاچاخچییە بێ ویژدانەکان، هەرکاتێك هەستان بە مەترسی کرد لایەنی ئەمنی و ڕێکخراوەکانی پەنابەران ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی ژیانتان پارێزراو بێت."







خەندان
Top