پێش کۆبونەوەی ئۆپێک پڵەس، نرخی نەوت بەرزبوەوە
هەر بەرمیلێك نەوت بە 64.57 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە نەوتی برێنت بەڕێژەی 0.50% بەهاکەی بەرزبوەوە و هەر بەرمیلێك نەوت بە 64.57 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە، هاوكات نەوتی خاوی ئەمریكا بە 61.69 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.
لەبارەی زیادکردن یان بە نزمی هێشتنەوە هەناردەی نەوت نەگەیشتونەتە ئەنجام
هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر بڵاویکردەوە، دوێنێ چوارشەممە بەشێک لەوڵاتانی ئەندام لەرێکخراوی ئۆپێک لەسەر ئاستی وەزاری کۆبونەوەتەوە بۆ دیاریکردنی سیاسەتی نەوت بۆ مانگەکانی ئازارو نیسانی ئەمساڵ، بەڵام لەبارەی زیادکردن یان بە نزمی هێشتنەوە هەناردەی نەوت نەگەیشتونەتە ئەنجام.
سعودیە ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رادەگەیەنێت
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سعویە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، لەکۆبونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رادەگەیەنن دوای گەڵاڵەکردن و گفتوگۆی هاوبەش لەنێوان سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکەدا.
سەرجەم وڵاتان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەنزمی هێشتنەوە هەناردەی نەوت تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ
هاوکات سەرچاوەکانی ناو رێکخراوی ئۆپێک باسیان لەوەکردوە، هەرچەندە تائێستا رێککەوتن نیە لەبارەی سیاسیەتی نەوتی بۆ دو مانگی داهاتو لەنێوان وڵاتانی ئەندام لەرێکخراوەکەدا، بەڵام سەرجەم وڵاتان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هێشتنەوە هەمان رێژەی هەناردەی ئێستا تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ.
پێشبینی دەکرێت تاکۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوتی برێنت لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلاردا جێگیربێت
بەگوێرەی شیکەرەوەکانی بازاری وزە لە ئەمریکا بەهۆی زیادبونی خواست و بەنزمی هێشتنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پێشبینی دەکرێت تاکۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوتی برێنت لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلاردا جێگیربێت.
خەندان
