کۆشکی سپی: پێویست بکات وەڵامی هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد دەدەینەوە

کۆشکی سپی: پێویست بکات وەڵامی هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد دەدەینەوە
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، زانیاریی سەرەتایی لەبارەی هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد دراوە بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا.

جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەین و "ئەگەر پێویست بکات وەڵامی هێرشەکە دەدەینەوە". باسی لەوەش کردووە، هەڵسەنگاندن بۆ زەرەر و زیانەکانی ‌هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد بەردەوامە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر عەین ئەسەدەوە رایگەیاند "بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر هاوپەیمانان داهاتووی عێراق دەخاتە مەترسییەکی راستەقینەوە".

هەر ئەمڕۆ گوتەبێژێک بەناوی پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بەڵێندەرێکی ئەمریکی بە "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە و هیچ راوێژکارێکی ئەمریکیش راستەوخۆ نەکەوتوونەتە بەر هێرشەکە.

پێنتاگۆن لە وەڵامی ئیمەیڵێک دەڵێت، لە ئاماژە سەرەتاییەکاندا دیارە، نزیکەی 10 مووشەک لە هێرشی سەر بنکەی عەین ئەسەد بەکارهێندراون، مووشەکەکان لە رۆژهەڵاتی بنکەکەوە ئاراستە کراون.

ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کرد "لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە، ناتوانین لەم کاتەدا کەس بە بەرپرس بزانین، زانیاریی تەواویشمان لەسەر قەبارەی زیانەکان نییە"، دەشڵێت "هاوکاریی هاوبەشە عێراقییەکان دەکەین لە لێکۆڵینەوەکانیان لە هێرشەکەدا".

گوتەبێژەکە باسی لەوەش کرد، لەکاتی هێرشەکەدا سیستەمی دژە مووشەکی و دژە تۆپ و هاوەن پارێزگارییان لە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکە کردووە.

ئەم هێرشەی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو دوو هێرشی دیکە ئەنجامدران؛ یەکێکیان هەولێری کردە ئامانج و ئەوی دیکەشیان ناوچەی سەوزی لە بەغدا کردە ئامانج.

رۆژی 26ی مانگی رابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەنجامدانی بۆردوومانێک لەسەر سنووری عێراق و سووریا وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە.

هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد لەکاتێکدایە، دوو رۆژی دیکە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
rudaw -
Top