ئەردۆغان بەڵێنی چاكسازی دەدات و بەرھەڵستكاران گومان دەكەن
ئەردۆغان لە میانی گوتارێكیدا لە ئەنقەرە گوتی: "ئامانجمان زیاتر بەھێزكردنی دەوڵەتی یاسایە". گوتیشی: "393" رێكار لەگەڵ ھاتنی ساڵی 2023 جێبەجێدەكرێن بەبۆنەی 100 ساڵەی دامەزراندی كۆمار و ھەڵبژاردنركانی داھاتووی سەرۆكایەتی" توركیا.
روونیشیكردەوە، "دەبێت كەس لە ئازادی رادەربڕین بێبەش نەكرێت". ئەردۆغان لە ساڵانی رابردوودا بەھەزاران كەسی راونان، كە لە سەر پێگە كۆمەڵایەتییەكان "سووكایەتیان پێكردبوو".
راشیگەیاند، نیازی وایە دادگاكان "زیاتر كارامە بكات" بۆ كۆتاییھێنان بە "دادگاییكردنە درێژخایەنەكان".
ئەم راگەیاندنانە، پێش لوتكەی برۆكسل دێن، كە بڕیارە لە 25ی/ئادار سەركردە ئەوروپاییەكان لێكۆڵینەوە لە "نەخشە رێگا"یەك بكەن لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەكانی ئەوروپا لەگەڵ توركیا.
لە ساڵی 2016وە پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و دەوڵەتانی رۆژئاوا گرژیی تێكەوتووە، بە تایبەتی بە ھۆی ئەو ھەڵمەتەی ئەردۆغان ئەنجامی دا دژ بە رەخنەلێگرانی لە دەزگا راگەیاندنەكانی بەرھەڵستكار و كۆمەڵگای مەدەنی دوای كودەتا شكست خواردووەكە.
ھەر یەك لە بازرگان عوسمان كەفالا، كە لە 2017 و سەركردەی پێشووی حزبی گەلانی دیموكراتیك، سەڵاحەدین دەمیرتاش كە لە ساڵی 2016وە گیراون بوونەتە ھێما بۆ ئەو سەركوتكارییەی دەسەڵاتی ئەردۆغان.
لەو كەشوھەوایەدا، بەرھەڵستكارا گومانیان خستە سەر راگەیاندنەكەی ئەردۆغان.
ئەندام پەرلەمانی حزبی گەلی كۆماری، ئۆنۆرسال ئیدگوزێل لە سەر تویتەر بە گاڵتەجاڕییەوە نووسیی: "ئەردۆغان ئەو بابەتانەی ھەژمارد كە حزبەكەی خۆی، حزبی داد و گەشەپێدان بەو ھۆیانەوە بەرپرسە لە دواكەوتن و پاشكشەكردنی توركیا.. دەڵێی دابپێدانانە".
پێش گوتارەكە، مستەفا یەنار ئۆغلو، ئەندام پەرلەمان لە حزبی دیموكراتیەت و پێشكەوتنی بەرھەڵستكار رایگەیاند، "ئەی رۆژنامەنووسانی خۆشەویست، دوای سێ كاتژمێری دیكە پێویستیتان بە چاودێری خودی (...) نییە، حكومەت ئازادی رۆژنامەنووسیتان پێدەدات".
ھەروەھا پێش گوتارەكەی ئەردۆغان، ھاوپەیمانە سەرەكییەكەی، دەولەت بەھەجتلی، سەرۆكی حزبی بزووتەنەوەی نەتەوەی توركیا داوایكرد، حزبی گەلانی دیموكراتیك دابخرێت دوای ئەوەی بەدەیان لە ئەندام پەرلەمانەكانیان گیران یان لە پۆستەكانیان دەركران.
ھاوكات داواكارێكی گشتی داوایكرد، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆل، ئەكرەم ئیمام ئۆغلو، كە یەكێكە لە بەرھەڵستكارە سەركییەكانی ئەردۆغان بە دوو ساڵ زیندانی بكرێت، بە تومەتی "سووكایەتیكردن" بە حاكمێكی ناوخۆیی.
k24 -
