سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: ئەمڕۆ هەنگاو بۆ دەستووری نوێ نرا
ئیبراهیم کاڵن لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ کە لە ئاسۆی ئازادیی تاک و کۆمەڵگەی بەهێز پلانداڕێژیی بۆ کراوە، هەنگاوێکی نوێ و گرنگە بەرەو دەستوورێکی نوێ. تورکیا خاوەنی دیدگەیەکی وەهایە کە بتوانێ بە دەستوورێکی ئازادی و دیموکراسیانەوە پێ بنێتە ساڵی 2023".
ساڵی 2023، 100 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی هاوچەرخی تورکیا. بەردەوام ئاکپارتی لە بەرنامە و کۆبوونەوەکانی ئاماژەی بەو ساڵە کردووە و هەر لە سەرەتاوە بەرنامەیان بۆ ئەو رۆژە کردووە. بە گوتەی ئەو پارتە، لە پاش ئەو بەروارە، تورکیایەکی نوێ دەستپێدەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێکە باس لە پێداگریی پارتەکەی لە بابەتی دەستووری نوێدا و بانگهێشتی پارت و لایەنەکانی تورکیا بۆ نووسینەوەی دەستوور دەکات. ئاکپارتی و مەهەپە کە لە نێو هاوپەیمانی جمهووردان دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەگەر لایەنی ئۆپۆزسیۆنیشیان لەگەڵدا نەبێت، خۆیان کارەکە ئەنجامدەدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە دوای رێوڕەسمی کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە تورکیا، هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە و دواتر ئەردۆغان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا وێنەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە بە گەورەپارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەناسرێت، رەتیناکاتەوە کە وڵاتەکە پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە، بەڵام پێیوایە کە ئێستا زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی کارەکە لە ئارادا نییە. کڵچدارئۆغڵو هەروەها رایگەیاند؛ ئەوەی دەستوور هەموار دەکاتەوە، سەرەتا پێویستە پابەندی ئەم دەستوورەی ئێستا بێت.
rudaw -
