بەهۆی 'ژەهراویکردنی ناڤالنی' ئەمریکا سزا بەسەر 7 بەرپرسی رووسیدا دەسەپێنێت
ئەمریکا داوا دەکات رووسیا ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسی ئازاد بکات کە لە مانگی کانوونی دووەم دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا، لە مۆسکۆ دەستگیرکرا و دواتر بە تۆمەتی "گەندەڵی" سزای دوو ساڵ و نیو بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، لیژنەیەکی هەواڵگریی ئەو وڵاتە دڵنیایە لەوەی کە ئەندامانی هێزی ئەمنیی فیدراڵیی رووسیا، بە ژەهری نۆڤیچۆک، ئەلێکسی ناڤالنییان بە ئامانج کردووە.
لەبەر ئەوەش واشنتن بڕیاریداوە سزا بەسەر حەوت بەرپرسی باڵای حکومەتی رووسیادا بسەپێنێت، پاش ئەوەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتەوە بە لیستێک بڵاودەکرێتەوە.
یەكێکی دیکە لە رێکارەکانی ئەمریکا بەرامبەر رووسیا بەگوێرەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئەوە دەبێت کە، واشنتن قەبارەی هەناردەش بۆ رووسیا کەمدەکاتەوە.
ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی رەوتی ئۆپۆزیسیۆنە لە رووسیا، لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو بەهۆی ژەهراویبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ ئەڵمانیا، دوای پێنج مانگ لە چارەسەر گەڕایەوە رووسیا و دەستبەجێ دەستگیرکرا، لە دادگای وڵاتەکەش سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
گرژییەکانی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و رووسیا لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە لە سەرەتاکانی مانگی شووبات لە کاردانەوەی دەرکردنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری پۆڵەندی، سوێدی و ئەڵمانی لەلایەن رووسیاوە ئەو سێ وڵاتەش رایانگەیاند کە ئەوانیش چەند دیپلۆماتکارێکی رووسی لە وڵاتەکەیان دەردەکەن.
rudaw -
