دوو خوشکی دووانەی بەڕازیلی ئەندامی نێرینەیان دەبڕن

دوو خوشکی دووانەی بەڕازیلی ئەندامی نێرینەیان دەبڕن
دوو خوشکی دووانەی بەرازیلی کە لە زگماکدا بەهۆی کێشەی بۆماوەییەوە ئەندامی نێرینەیان هەبووە، بڕیاریاندا نەشتەرگەری بکەن و ئەندامەکانی نێرینەیان لێبکەنەوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 175 کەس لە بەڕازیل دوای گۆڕینی رەگەزیان کوژراون.

مایلا و سۆفیای تەمەن 19 ساڵان، دوای ئەوەی موڵکێکی باپیریان فرۆشت لە شاری کامپیناس لە باشووری رۆژهەڵاتی بەڕازیل چوونە سەنتەرێکی جوانکاری و بە نەشتەرگەری بەتەواوی بوون بە کچ.

ئەو دوو خوشکە دەڵێن، "ئێمە هەر لەدایکبووین کچبووین و هەستی کچێتیمان هەبوو، هەرگیز حەزمان نەکردووە ببین بە کوڕ"، مایلا و سۆفیا سەرەڕای ئەو مەترسی و هەڕەشەیەی لەسەر رەگەزگۆڕەکان هەیە، بڕیاریاندا نەشتەرگەرییەکەیان لەلای پزیشکێکی پسپۆڕ بەناوی خۆسی کارلۆن ئەنجامبدەن، پزیشکەکە لەو بارەوە دەڵێت: ئەو نەشتەرگەرییە یەکەم کەیسی لەو جۆرەیە کە بۆ دووانەیەک لە جیهاندا ئەنجامبدرێت.

بە گوتەی ئەو دوو کچە، بەدرێژایی تەمەنیان لەلایەن خەڵکەوە گاڵتەیان پێکراوە و ئەزیەت دراون، هەروەها رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان بوونەوە و هەر لە بەرازیل نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجامدا. لە هەموو بەرازیل تەنیا پێنج سەنتەری حکومی گۆڕینی رەگەزی لێیە، ئەوانی دیکە هەمووی کەرتی تایبەتن.

لە 2020دا لە بەرازیل 175 کچ و کوڕ دوای گۆڕینی رەگەزیان کوژراون، هەندێکیان لەلایەن کەسوکاریانەوە و هەندێکیشیان لەلایەن کەسانی دیکەوە.

ئەو دوو خوشکە دەڵێن: "هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێ ژیاوین، ئێستا دوای گۆڕینی رەگەزمان داوا دەکەین کۆمەڵگە رێزمان لێبگرێت، ئێمەش مرۆڤین."
rudaw -
Top