توركیا رەتیدەكاتەوە دەستبەرداری "ئێس400" بێت بەرامبەر بە راگرتنی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ كوردی سووریا

توركیا رەتیدەكاتەوە دەستبەرداری
گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئیبراھیم كاڵن رەتیكردەوە، ئەنقەرە ئامادەبێت دەستبەرداری سیستەمەكانی "ئێس400" بێت بەرامبەر بەوەی واشنتن پشتیوانییەكەی بۆ "یەكینەكانی پاراستنی گەل" لە سووریا راگرێت.

لە چەند لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی توركی، ئەمڕۆ چوارشەممە، كاڵن گوتی: وڵاتەكەی ھیچ رێككەوتنێكی سەبارەت بەو بابەتە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان نەكردووە.

گوتیشی: ئەنقەرە و واشنتن دەتوانن ئەو تەنگژەیەی لە ئەنجامی كڕینی توركیا بۆ سیستەمەكانی "ئێس400"ی رووسیایی دژە مووشەكی ئاسمانی ھاتووەتە كایەوە بەڕێگای دانوستان چارەسەر بكەن.

هه‌روه‌ها گوتی: "دەبێت توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان، كە ھەردووكیان ئەندامن لە پەیمانی ناتۆدا، بەیەكەوە كار بكەن بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری مەترسییەكان".

روونیشیكرده‌وه‌، "ھەڵەیە ئەم رێبازە رەتبكرێتەوە بەبێ ئەوەی تەماشای ئامانجەكەی بكرێت. دەكرێت میكانیزمێك دابنرێت بۆ لادانی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرامبەر بە "ئێس400" ھەیەتی، ئەوەمان پێشنیاز كردووە و جارێكی دیكەش پێشنیازەكەمان نوێ دەكەینەوە".

كاڵن راشیگەیاند، لێدوانەكانی وەزیری بەرگری توركیا، خەلوسی ئاكار لە بارەی بەكارھێنانی سیستەمەكانی "ئێس400" وەك "نموونەی كریت" بەھەڵە راڤه‌ كران.

گوتیشی: "ئەو نموونەیە لە ئەجێندای توركیادا نییە". وەك ئاماژەیەك بۆ گواستنەوەی مووشەكەكانی "ئێس-300" رووسیایی، كە قوبرس لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كڕیانی و دواتر بەھۆی وەڵامی توندی ئەنقەرە دژ بەو گرێبەستە گواسترانەوە بۆ دورگەی "كریت"ی یۆنانی، دواتریش ئەو سیستەمانە بوونە موڵكی یۆنان.

لە ناوەڕاستی تەمووزی ساڵی 2019 سیستەمی "ئێس400"ی رووسیایی ھاوردەی توركیا كران و بووە مایەی كەوتنەوەی تەنگژە لە نێوان ئەمەریكا و توركیادا. ویلایەتە یەكگرتووەكان داوای لە توركیا كرد دەستبەرداری ئەو گرێبەستەی بێت لەگەڵ رووسیا و سیستەمی "پاتریۆت"ی ئەمەریكایی بكڕێت و ھەڕەشەی دوورخستنەوەی توركیا لە بەرنامەی فڕۆكە جەنگییەكانی "ئێف-35"ی پێشكەوتوو كرد و دواتر بەپێی یاسای "لەناوبردنی دوژمنانی ئەمەریكا بەڕێگای سزاكان" سزای بەسەر توركیادا سەپاند، ئەو كارەی ئەمەریكاش نەبووە مایەی پاشگەزبوونەوەی توركیا لە بڕیاری كڕینی "ئێس400".

سەرچاوە: روسیاالیوم
k24 -
Top