گرژیی نێوان ئێران و توركیا پەرە دەستێنیت

گرژیی نێوان ئێران و توركیا پەرە دەستێنیت
هەردوو وڵاتانی ئێران و توركیا ماوەی یەک هەفتەیە یەكتری بە پێشێلكردنی خاكی عێراق تۆمەتبار دەکەن و لەڕێگەی میدیاكانەوە هێرشی توندیان بۆ سەر یەكتری دەست پێكردووە و باڵوێزی هەردوو وڵات لە عێراق، لەڕێگەی سۆسیال میدیاوە هێرش دەكەنە سەر یەكتری.

ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێران لە عێراق، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا، هێرشی كردە سەر توركیا و بە پێشێلكردنی خاكی عێراق تۆمەتباری کرد، ئاماژەی بەوە ئۆپەراسیۆنی چیای گارە داوە كە توركیا کردووەیە و سەروەریی عێراقی پێشێل كردووە، بۆیە دەبێت توركیا سنووری بۆ دابنرێت و رێزی خۆی بگرێت.

لە بەرامبەردا، فاتیح یڵدز باڵوێزی توركیا لە عێڕاق، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: "ئەو لایەنەی كە وانە بە توركیا بڵێت بۆ رێزگرتن لە خاكی عێراق و پێشێلكردنی خاكی عێراق، ئێرانە“

لەسەر ئەم ناكۆكییە، توركیا بە فەرمی باڵوێزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگ كرد و، داوای لێ كرد بەپەلە روونكردنەوە لەسەر ئەو گوتانەی مەسجدی بدەن کە لەبارەی توركیاوە كردوویەتی.

بەرپرسانی ئەنقەرە بە باڵوێزی ئێرانیان گوتووە، ئێمە لە هەموو وڵاتێك زیاتر رێز لە خاكی عێراق دەگرین، ئەو ئۆپەراسیۆنەش بۆ ئارامیی عێراق و بۆ لەناوبردنی پەكەكە بووە.

ئیرەج مەسجدی لە دیمانەكەدا گوتبووی: "توركیا بۆچی لە خاكی عێراق ئۆپەراسیۆن دژی پەكەكە بەڕێوە دەبات، ئەو كێشەیە كێشەی عێراقە و لێی گەڕێن با عێراق خۆی چارەسەری بكات. ئێمە وەكوو ئێران قبووڵی ناكەین توركیا بەو شێوەیە هێز بۆ عێراق بجوولێنێت".

میدیاكانی توركیا هێرشی توندیان كردووەتەوە سەر ئێران و بە وڵاتێكی تیرۆریست ناویان بردووە.

رۆژنامەی (ئاكید)ی توركی، ئێران بە پێشێلكردنی خاكی عێراق تۆمەتبار کردووە و نووسیویە: "ئێران بۆ خۆی عێراقی وێران كردووە، دەستێوەردانی ئێران لە عێراق ئاشكرایە و هەموو ئەو بەڵایانەی بەسەر عێراق و گەلەكەیدا هاتووە، ئێران لێی بەرپرسیارە نەك توركیا".

لە لایەكی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، باڵوێزی توركیای لە تاران بانگهێشت كردووە و، ئاگاداریان كردووەتەوە كە وەزیری ناوخۆی توركیا سنووری بەرامبەریان بەزاندووە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، دەریا ئۆرسوو باڵوێزی توركیا لە ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بانگ كراوە و پێی گوتراوە، سولەیمان سویلو وەزیری ناوخۆی توركیا، لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا گوتبووی: "لە ئێراندا ٥٢٥ تیرۆریست هەیە"، بۆیە پێیان گوتووە پێویستە سویلو داوای لێبوردن بكات.

هەروەها باسیان لەوە كردووە، ئەم گوتانەی سویلو و هەروەها باڵوێزی توركیا لە عێراق كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر پەیوەندیی نێوان توركیا و ئێران دەبێت، بۆیە دەبێ توركیا هێرشە میدیاییەكانی بۆ سەر ئێران رابگرێت.

توركیا لەڕێگەی میدیاكانەوە ئێرانی وەكوو وڵاتێكی تیرۆریست ناساندووە، هەروەها بە پاڵپشتیكردنی پەكەكە تۆمەتباری دەكەن، بەتایبەت لە ئۆپەراسیۆنی گارەدا كە لەو ئۆپەراسیۆنەدا ١٦ سەربازی توركیا كوژران.

رەجەب تەیب ئەردۆغان تاكوو ئێستا هیچ لێدوانێكی لەو ڕووە نەداوە، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیاوە بڵاو كراوەتەوە، ئەردۆغان لەسەر هێڵە تا بتوانن لەگەڵ ئێران گرژییەكانیان توندتر نەبێت، بۆیە تاكوو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.




باسنیوز
Top