ترەمپ ناوی ئەوانە دەهێنێت کە لە دژی دەنگیان داوە
ترەمپ لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمارییەکاندا، کە تێیدا زیاتر باسی لە یەکگرتوویی کۆمارییەکان کرد، ناوی هەموو ئەو کۆمارییانەشی هێنا کە لە دژی دەنگیان داوە یان پشتیوانییان لە پرۆژەی دیموکراتەکان کردووە بۆ لێپێچینەوە لێی و دوورخستنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی.
دوای ناوهێنانیشیان، ترەمپ گوتی، پێویستە کۆمارییەکان هەموو ئەوانە لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ ناوی ئەو کۆمارییانەی هێنا و گوتی "دیموکراتەکان خەڵکی وەک میت رۆمنیان نییە، وەک بێن ساسی بچووک، ریچارد بور، بیڵ کەیسیدی، سوزان کۆلینز، لیزا مورکۆڤسکی، پات توومی. لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش، تۆم رایس، ئادەم کینزینگە، دان نیوهاوس، ئانتنی گۆنزالیز، ئەمە جوانییەکی دیکە، درێد ئەپتن، جێمی بوتلەر، پیتەر مەیژەر، جۆن کاتکۆ، دەیڤد ڤالادۆ، هەروەها بێگومان، ئەو شەڕانییە، ئەوەی حەزی لە شەڕە، ئەو کەسەی کە پێی خۆشە سەربازەکانمان لە شەڕدا بن، واتە لیز چینی. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، ئەو ژنە لە ویلایەتەکەی دەنگەکانی کەمیکردووە، رێژەی دەنگەکانی لەوێ زۆر بە خێرایی کەم دەکەن. هیوادارم لە کۆڵی بکەنەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. هەموویان لەکۆڵ بکەنەوە".
ژمارەیەک لە سیناتۆرە کۆمارییەکان لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیراندا دژی ترەمپ دەنگیاندا و پێیانوابوو ترەمپ "تاوانباری هێرشەکەی 6ی کانوونی دووەمی سەر کۆنگرێسە".
هەروەها لە ئەنجوومەنی پیرانیش لە کۆبوونەوەی مانگی رابردوودا چەند ئەندامێکی کۆماریی ئەنجوومەنەکە دەنگیان بە لێپێچینەوە لە ترەمپ دا.
بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیراندا لە 13ی شوبات، ترەمپ بە دەنگی 47 سیناتۆری کۆماری لە دوورخستنەوەی یەکجاری لە سیاسەتی ئەمریکا رزگاری بوو.
rudaw -
