پۆمپەیۆ: نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران کارەساتبار دەبێت بۆ ئەمریکا

پۆمپەیۆ: نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران کارەساتبار دەبێت بۆ ئەمریکا
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە ئیدارەی جۆ بایدن دەدات کە نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران بۆ وڵاتەکەیان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "کارەساتبار" دەبێت.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "وادیارە تیمە نوێیەکەی بایدن دەگەڕێتەوە بۆ نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران. ئەوە کارەسات دەبێت بۆ ئەمریکا و ناوچەکەش".

ئەو وەزیرەی پێشووی ئەمریکا دەشڵێت، سیاسەتی لەپێشەوە دانانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا مافی ئەمریکایە. پۆمپەیۆ باس لەوە دەکات، "جیهان هەمووی سوودمەند دەبێت کاتێک ئەمریکا چاونەترس و بوێر و بەهێز دەبێت".

پۆمپەیۆ ئاماژەی بەوە کردووە "پێمان دەگوترا 'ئەمە سیاسەتی دەرەوەی تایبەت بە دامەزراوەی سیاسیی [ئەمریکا]یە'. پێمان دەگوترا ناتوانن سزا بەسەر ئایەتوڵڵاکانی ئێراندا بسەپێنن و ناتوانن ناردنی پارەی کاش بۆ سەرکردایەتی[ی ئەو وڵاتە] بوەستێنن، [پێمان دەگوترا] جەنگ روودەدات. بەڵام ئێمە ئەوەمان کرد و جەنگیش رووینەدا".

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بووەتە هۆی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

پۆمپەیۆ ستایشی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات کە لە سەرەتای ساڵی رابردوودا لە هێرشێکی ئەمریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا و دەڵێت، لەو کاتەوە هەرگیز "[سولەیمانی] نەیتوانیوە کێشە بۆ ئەمریکا دروستبکات".

ئەو بە شانازییەوە باسیشی لەو سیاسەتە کرد کە لە ماوەی ئیدارەی ترەمپدا دژی ئێران و چین پەیڕەویان کردووە کە بووەتە هۆی توڕەکردنی هەردوو وڵات و گوتیشی "لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە ئێمە گوتراوە بووکەڵە و دواکەوتووی قێزەون و نەزان. بە ئێمە گوتراوە بەرهەڵستکاری شەڕەنگێز. نیویۆرک تایمز پێیوایە من خراپترین وەزیری دەرەوە بووم لە مێژوودا. بەڵێ، بەڵێ، لەو کاتەوەی دواجار ئێوەم بینیوە، چین سزای بەسەردا سەپاندووم. ئێرانییەکانیش هیچ حیسابێکی ئەوتۆم بۆ ناکەن، بەڵام شانازی بە شەڕەکەمانەوە دەکەم و شانازی بە دەستکەوتەکانمانەوە دەکەم کە وایانکرد بارودۆخەکە بگۆڕین".

چەند رۆژێک پێش ئێستاش، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە کە رێککەوتن لەگەڵ ئێران "هەڵەیەکی گەورەیە" و تەنیا سزا و گەمارۆی قورس رێگەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئێران دەگرێت.
rudaw -
Top