ئێران تاوەکو ئێستا ئەندامی رێککەوتننامەی پاریس نییە

ئێران تاوەکو ئێستا ئەندامی رێککەوتننامەی پاریس نییە
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رایگەیاندووە، ئەو وڵاتە لە بواری گەشەدان بە وزەی پاک، لاواز بووە و لە ریزبەندیی وڵاتان لە دوایین پلەیە.

عیسا کەلانتەری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ میدیا نێوخۆییەکانی ئێران دەڵێت، بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەلایەن وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنی پاریس بڵاودەکرێنەوە و باس لە گەرمبوونی زەوی دەکەن، وڵاتانێک وەکو ئەمریکا و عەرەبستانی سعودیە خراپترین رۆڵیان هەیە.

کەلانتەری بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی پاریس و پەیوەستبوونی ئێران بەو رێککەوتنە گوتوویەتی، ئەو بابەتە لە پەرلەمان رووبەڕووی گرفت بووەتەوە و پێیانوایە ئەگەر ئێران ببێتە ئەندامی ئەو رێککەوتنە، رێگە لە گەشەی وڵات دەگیرێت.

دوای چەندین ساڵ گفتوگۆ بۆ رێگریکردن لە گەرمبوونی زەوی و پاراستنی ژینگە و رێگریکردنی لە گۆڕانکاریی کەشوهەوا، دواجار سەرکردەکانی 195 وڵاتی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکیان بەناوی رێککەوتنی پاریس واژۆکرد و بەڵێنیان داوە پێوەی پابەندبن، ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکەش ئەوەیە کە رێگەنەدەن پلەی گەرمای زەوی لە دوو پلەی سیلیزی گەرمتربێت.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسانی حکومەتی ئێران چەندین جار داوایانکردووە کە ئێران بچێتە ناو ئەو رێککەوتنەوە، وەزیرانی نەوت و دەرەوەی ئێران بەجیا لەوبارەیەوە داواکارییان ئاراستەی حەسەن رووحانی کردووە، بەڵام ئەو بابەتە لەنێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور وەکو خۆی ماوەتەوە.

قسەکانی سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەیە ئێران لەکاتێکدایە، بەهۆی کەمبوونەوەی گاز و گازوایل، کارگە و کارخانەکان ناچارن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی مازۆت بەکاربێنن و ئەمەش مەترسییەکی زۆری لەسەر ژینگەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دروستکردووە.

دوایین نموونەش لە پارێزگای لۆڕستان بوو کە بەهۆی رژانی پاشماوەی مازۆتی بەکارهاتوو لە کارخانەی چیمەنتۆی شاری دوروودی ئەو پارێزگایە بۆ نێو رووباری تیرە، تەواوی ماسی و زیندەوەرەکانی نێو رووبارەکە و باڵندەکانی دەورووبەری لەنێوچوون.

هەرچەند قایمقامی شاری دوروود گوتبووی کێشەکە چارەسەرکراوە، بەڵام بە گوتەی هاونیشتمانییان کێشەکە هەروا بەردەوامە و سووتەمەنی دەڕژێتە نێو رووبارەکە.
rudaw -
Top