کەشتیی جەنگیی رووسی و ئەمریکی لە بەندەری سوودان جێگیردەبن
ئەو کەشتییە جەنگییە کە ناوی "یو ئێس ئێس وینستن چێرچڵە"، کەشتییەکی جەنگییە و توانای تێکشکاندن و بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکیی هەیە و دووەمین کەشتیی جەنگیی ئەمریکییە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا بگاتە سنووری ئاویی سوودان.
رۆژی 24ی شوبات، کەشتییەکی دیکەی جەنگیی ئەمریکی لەو بەندەرە لەنگەری گرت و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە خەرتووم بڵاویکردەوە، ئامانج لە هاتنی ئەو کەشتییە ئەمریکییانە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاریکردنی سوودانە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا.
گەیشتنی ئەم کەشتییە جەنگییە ئەمریکییانە بۆ ئەو ناوچەیە لەکاتێکدایە، نزیک بەو ناوچەیەی دەریای سوور، رۆژی 28ی شوبات کەشتییەکی جەنگیی رووسی بەناوی "ئەدمیراڵ گریگۆرۆڤیچ" گەیشتە ناوچەکە و هێزە دەریاییەکانی رووسیاش لەو ناوچەیە سەرقاڵی دامەزراندنی بنکەیەکی دەریایی لۆجستیکین.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی رابردوودا سوودانی لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەرهێنا.
رووسیاش لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020 رێککەوتنێکی 25 ساڵەی لەگەڵ سوودان واژۆکرد بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی دەریایی لە بەندەری سوودان، بەپێی ئەو رێککەوتنەش رووسیا دەتوانێت تاوەکو چوار کەشتیی جەنگی لە ناوچەکە جێگیربکات لەگەڵ هێنانی 300 سەرباز و تیمی تایبەت بە بنکە سەربازییە دەریاییەکە.
rudaw -
